جێگری سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یادی 18ـی شوبات: پشتگیریی بەردەواممان بۆ لاوان دووپات دەکەینەوە

بەبۆنەی حەفتا و دوو ساڵەی دامەزراندنییەوە، نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی لە یەکێتیی لاوان دەکات و دەڵێت، یەکێتییەکەتان لە دامەزراندنییەوە قوتابخانەی خەبات و رێکخستنی لاوان بووە، "ھەروەھا بەشداریی لە پێگەیاندنی چەندین کادیر و سەرکردەدا کردووە کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا بینیوە."
رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "یادی حەفتا و دوو ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە گەرمی لە ھەمووتان پیرۆز دەکەم، ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە خزمەتکردنی لاوان و بەھێزکردنی رۆڵیان لە بنیاتنانی داھاتوویەکی گەشتر بۆ کوردستان."
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "یەکێتییەکەتان لە دامەزراندنییەوە قوتابخانەی خەبات و رێکخستنی لاوان بووە، بەشداریی لە پێگەیاندنی چەندین کادیر و سەرکردەدا کردووە کە رۆڵی گرنگیان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا بینیوە. شانازی بەو رۆژانەوە دەکەم کە لە ریزەکانی ئەم یەکێتییەدا کارم کردووە، باش دەزانم گرنگیی ئەم ئەزموونە لە چەسپاندنی گیانی پابەندی و بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە کۆمەڵگە و نیشتمان چەند گرنگ بووە."
هاوکات، باس لەوە دەکات، لاوان وەک ھێزی کۆمەڵگە و گیانی داھاتوو، ئەرکێکی سەرەکییان لەسەر شانە بۆ پەرەپێدانی تواناکان و بەھێزکردنی ھەستی بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و بنیاتنانی نەوەیەک کە توانای ھەبێت لەگەڵ پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆجییەکاندا بڕوات.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "کارکردن لەسەر بڵاوکردنەوەی کولتووری فرەیی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی، بەھێزکردنی گیانی داھێنان، بنەمای پێشکەوتن و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیرتر و گەشاوەترە. بۆیە پشتگیریی بەردەواممان بۆ لاوان دووپات دەکەینەوە و متمانەمان بە تواناکانتان ھەیە بۆ ڕێبەرایەتیکردنی ڕەوتی لاوان بەرەو داھاتوویەکی گەشتر."
لەم یادەدا، "بە ڕێز و پێزانینەوە شەھیدانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و ھەموو شەھیدانی کوردستان بەبیر دەھێنینەوە. سڵاو لە ھەموو ئەو لاوانەی بەردەوامن لە بەخشین و کارکردن لەپێناو کوردستانێکی گەشاوەدا."