نووسینگەی مەسرور بارزانی: ئەم هەڵسوکەوتانە [ـی سوپای عێراق] کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.
![نووسینگەی مەسرور بارزانی: ئەم هەڵسوکەوتانە [ـی سوپای عێراق] کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20250217213241_original_29.jpg )
نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رێگریکردنی سوپای عێراق لە جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان دەڵێت، "پێویستە هەرچی زووتر، ئەم هەڵسوکەوتانە [ـی سوپای عێراق] کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە".
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "ئەمڕۆ سوپای عێراق بۆ جارێکی تر لە دەوروبەری کەرکووک و بە تایبەتی گوندی شەناغە و چوار گوندی دیکەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، رێگری لە جووتیارانی کورد کرد بچنە سەر زەوییەکانیان".
ئەمڕۆ دووشەممە، 17-2-2025، لە سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک جووتیارانی کورد ویستیان زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام سوپای عێراق و ژمارەیەک لە هێزی چالاکییە مەدەنییەکان رێگرییان لێ کردن.
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە، "ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەوپێشچوون هەبووە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی رژێمی پێشوو لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی خەلکی رەسەنی ناوچەکە. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش، مانگی رابردوو، پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەویوزاری بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان پەسند کرد".
لەبارەی رێگرییەکانی سوپاوە، نووسینگەکە دەڵێت، "ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق، پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و پێویستە هەرچی زووتر، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە".