شاندی ئیمراڵی لە درێژەی کۆبوونەوەکانیان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی، گەیشتنە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئێستا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکۆبوونەوەدان.

نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی رایگەیاندووە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندەکە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ لە بینای پارێزگای هەولێر، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازدەکات.
دوێنێ،نێچیرڤان بارزانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە میونشنەوە لەبارەی شاندەکەی ئیمراڵی رایگەیاند "ئەمانە بێگومان بە پەیامی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە هاتوون بۆ هەولێر و لەوێوە دەچنە سلێمانیش. بێگومان ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین بزانین پەیامەکەیان چ پەیامێکە. ئێمە چاوەڕوان دەکەین پەیامی ئاشتی بێت بۆ سەقامگیریی تورکیا و پەیامەکەش زیاتر بۆ پەکەکە دەبێت. هیوادارین گوێبیستی بانگەوازی ئاشتی بین لەلایەن بەڕێز ئۆجەلانەوە و هیوادارین پەکەکەش هەڵوێستی هەبێت و پێشوازی لە پەیامی بەڕێز ئۆجەلان بکات."
شاندەکە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، گوڵجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و شاندێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان.