نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان : پێشبینی دەکەم مانگی ئادار هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەدات، ئەگەری هەیە هەناردەکردنەوەی نەوت "مانگی داهاتوو" دەستپێبکات، ئەمەش دوای نزیکەی دوو ساڵ لە وەستانی نەوت و زیانی ئابووریی 24 ملیار دۆلار، گەشبینییەکی دیکەیە.
رۆژی یەکشەممە 16-02-2025، لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ئاژانسی بلوومبێرگی ئەمریکی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەو بەنیازە لە چەند رۆژی داهاتوو بابەتی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە هەولێر گەنگەشە بکات. دەکرێت ئەمە ببێتە نەخشەڕێگەی کردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، هەرچەندە گوتیشی، دانوستاندنی زیاتر لەگەڵ بەغدا دەبنە دیارخەری ئەوەی چەند نەوت بۆ بەکاربردنی نێوخۆ دەستنتیشان دەکرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێستا لەلای ئێمەوە هەموو شتێک ئامادەیە بۆ ئەوەی نەوتی خۆمان هەناردە بکەین. ئێمە پێشبینیی دەکەین کۆتایی مانگی ئادار هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە."
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هەفتەی پێشوو بە هەمان ئاژانسی گوت، عێراق کار لەسەر نەهێشتنی کێشە تەکنیکییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی بۆرییەکان دەست بە هەناردەکردن بکەنەوە.
25ـی ئاداری 2023، هەناردەی زیاتر لە 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بۆ بەندەری جەیهان وەستا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەیەکی نێوبژیوانی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ رەزامەندی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە.
ئێستا دەستپێکردنەوەی نەوت کێشەیەکی دیکە بۆ عێراق دروستدەکات، ئەویش وڵاتەکە پابەندکراوە بەوەی بەگوێرەی مەرجەکانی ئۆپێک نەوت دەربهێنێت و رێژەکەشی کەمبکاتەوە.
لە ماوەی 22 مانگی راگرتنی هەناردەی نەوتدا، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستاوە.
لە کۆتاییەکانی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، مایڵز کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە رووداوی راگەیاند، زیانی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا گەیشتووەتە "23 تاوەکو 24 ملیار دۆلار."
گەورەترین کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کرێی دەرهێنان و گواستنەوە بوو. رۆژی 2ـی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق هەموواری یاسای بودجەی پەسند کرد، بەمەش کرێی دەرهێنان و گواستنەوەیان بۆ بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان لە 6 دۆلارەوە کردە 16 دۆلار. ئەوەش بۆ ماوەی 60 رۆژە و لیژنەیەک چاودێریی دەکات، پاشان بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت.
نێچیرڤان بارزانی لە 14ـی شوبات بەشداری لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا کرد، لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکە لەگەڵ چەندین سەرکردە و بەرپرسی رۆژئاوا و جیهان کۆبووەوە، لەوانەش مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوایکرد ئەمریکا لە پشتیوانیی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە بەردەوامبێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەربازەکانی لە عێراق و سووریا نەکشێنێتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لە سنوورەکانی ئوردن، سووریا و عێراق گوتی: "گەورەترین نیگەرانیی ئێمە پەڕگیری و تیرۆریزمە. داعش بۆ سەر عێراق و ناوچەکە هەڕەشەیەکی گەورەیە."