سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی بەحرێن لە میونشنی ئەڵمانیا کۆبوونەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی بەحرێن لە میونشنی ئەڵمانیا کۆبوونەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی بەحرێن لە میونشنی ئەڵمانیا کۆبوونەوە و تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد. وەزیرەکەی بەحرێن خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی.

لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، ئێواره‌ى ئەمڕۆ هەینی 14-02-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د. عەبدوللەتیف بن راشد ئەلزەیيانی، وەزیری دەرەوەی شانشینی بەحرێن کۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەردوولا پەیوەندییەکانی بەحرێنیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد، تیشکیان خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و باسيان له‌ چۆنێتيى بەهێزکردنی هاوکاريی دوولايه‌نه‌ لە بوارە هاوبەشەکاندا كرد.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگيی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاريی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی بەحرێن لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکاندا کردەوە، ئاماژەی بە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە بەهێزکردنی سەقامگیريی ناوچه‌كه‌شدا کرد.

لاى خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی بەحرێن خواستى وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستانیشی کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا، ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.

هەروەها هەردوولا ده‌رباره‌ى دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبه‌ش، بيروڕايان ئاڵوگۆڕ كرد.

Top