ڕووسیا خستنەخوارەوەی 121 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لە یەک شەودا ڕاگەیاند
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە 121 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان خستە خوارەوە. وەزارەتەکە لە هەواڵنامەیەکدا نووسیویەتی ئۆکرانیا ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی بەسەر ١٣ ناوچەی ڕووسیادا فڕاندووە کە کراونەتە ئامانج.
ئەمە گەورەترین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایە بۆ سەر ڕووسیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە.
مۆسکۆ، برایانسک، کورسک، ڕیازان، ساراتۆڤ، ڕۆستۆڤ، بێلگۆرۆد، ڤۆرۆنیژ، تولا، ئۆریۆل، لیپێتسک و کریمیا لەو شارانەن کە شەوی ڕابردوو لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا هێرشیان کرایە سەر.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی حکومەتی ڕووسیا، لەو هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام بەهۆی کەوتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە هەندێک شوێن زیانیان بەرکەوتووە یان ئاگریان گرتووە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت، هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا نزیکەی هەموو ڕۆژێک هەوڵدەدەن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش بکەنە سەر ئامانجەکانی ناوچە سنوورییەکان و ناوەڕاستی ڕووسیا، بەڵام هێزەکانی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا "بە سەرکەوتوویی فڕۆکەکانی دوژمن دەخەنە خوارەوە".
هێرشە بەرفراوانەکەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئۆکرانی لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی کۆتاییهێنانی بەم شەڕە داوە.
دۆناڵد ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئامادەیە لە زووترین کاتدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل