ســـەرۆک بـــارزانـــی : هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس، گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەنەکانیان
سەرۆک بارزانی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەعس ڕایگەیاند: ئەو بڕیارە لە شوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف. هاوکات هیوادارە ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ ڕاستكردنەوەی هەموو هەڵەکان.
سیشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، کە پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەعس دەنگی لەسەر درا، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، دوای ماوەیەکی زۆر لە ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، سەرئەنجام ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە هەنگاوێكی گرنگدا دەنگی بە "پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە" دا كە تایبەتە بە گەڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، ئەو بڕیارە لە شوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف. هاوکات سەرۆک بارزانی بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق و فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرجەم ئەو لایەنانە دەكات كە ڕۆڵیان لە تێپەڕاندن و پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە هەبووە و سوپاسیان دەکات.
سەرۆک بارزانی، هیوادارە ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ ڕاستكردنەوەی هەموو ئەو هەڵە و ناڕاستییانە كە لە دژی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی عێراق بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە.