یــاســـــا، چەواشەكردنی دادوەری
چەواشەكردنی دادوەری كردارێكە لەلایەن كەسێكەوە دەكرێت بە مەبەستی سەرلێشێواندن و بەلاڕێدابردنی دادگا یان دەسەڵاتی لێكۆڵینەوە، بەوەی كە بیرۆكەی هەڵەیان پێ دەدات و وا لەو لایەنانە دەكات كە شتەكان بەڕاست دابنێن، لەكاتێكدا پێچەوانەی ڕاستین، لە ڕووی یاساییشەوە كردەوەكە بە تاوان ئەژمار دەكرێت و بكەریش ڕووبەڕووی لێپرسراویەتی و سزادانی یاسایی دەبێتەوە. لە هەرێمی كوردستانیش بەگوێرەی یاسای سزاكانی عێڕاقی - هەمواركراو ئەم كردەوانە بە تاوان ئەژمار كراون و یاسادانەر لە مادەكانی (248-249-250) باسی كردووە و جۆری سزاكەشی بۆ بكەری تاوان دیاری كردووە. بەگوێرەی مادە (٢٤٨)ی یاساكە چەواشەكاریی دادوەری ئەمانە دەگرێتەوە: گۆڕینی حاڵەتی كـەسەكان، گۆڕینی حاڵەتی شوێنەكان، گۆڕینی حاڵەتی شـــتەكان، شاردنەوەی بەڵگەكانی تاوان، پێشكەشكردنی زانیاریی درۆ پەیوەست بە بەڵگەكانی تاوان. سزای ئەم كردەوانەش بریتییە لە بەندكردن و پێبژاردن یان یەكێك لەم دوو سزایە.
بەگوێرەی مادە (٢٤٩) چەواشەكاریی دادوەری ئەمانە دەگرێتەوە: هەر كەسێك دادگا داخوازیی ناوی لێ كرد یان دەسەڵاتێك لە دەسەڵاتەكانی لێكۆڵینەوە یان ئەفسەرێك لە ئەفسەرەكانی پۆلیس، ئەگەر كەسەكە ناوێك لە خۆی بنێت جیا لە ناوەكەی، یان سیفەتێك كە نەیبێت، ئەو كەسە بە تاوانبار هەژمار دەكرێت.