نوێنەری سەرۆک بارزانی گەیشتە رۆژئاوای کوردستان و لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەوە
نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی گەیشتە رۆژئاوای کوردستان و لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەوە. بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنەکەشە کۆببێتەوە.
رۆژی 13-01-2025 د.عەبدولحەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی گەیشتە رۆژئاوای کوردستان و لە حەسەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکە کە داخراو بوو لەبەردەم میدیاکان، د.عەبدولحەمید دەربەندی، پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی گەیاند، کە جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی کورد کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکانی سووریا.
میدیای هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاوی کردەوە، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات سوپاسی پەیام و پشتیوانی سەرۆک بارزانی کردووە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە قۆناخی ئێستا پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان هەموو لایەنە کوردییەکان هەیە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و دەستەبەرکردنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، بڕیارە عەبدولحەمید دەربەندی هەر لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد - ئەنەکەسە کۆببێتەوە.