کەشتییەکی ڕووسیا لە دەریای ناوەڕاست نوقم بوو
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە کەشتییەکی بارهەڵگری ڕووسیا لە دەریای ناوەڕاستدا نوقم بووە.
بەپێی زانیارییەکان، کەشتییەکی بارهەڵگری ڕووسی کە ئۆکرانیا بانگەشەی ئەوە دەکات بۆ کۆکردنەوەی چەک ڕەوانەی سوریا کراوە، لە دەریای ناوەڕاستدا نوقم بووە.
دەوترێت دوو کارمەندی کەشتییەکە بێسەروشوێن بوون و لە کۆی ١٦ تیمی کەشتییەکە ١٤ کەسیان ڕزگارکراون و براونەتە ئیسپانیا.
بەپێی زانیارییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا، ئەم کەشتییە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد بۆ لابردنی چەک و کەرەستەی سەربازی ڕەوانەی سوریا کراوە.
دەزگای هەواڵگری ڕووسیا ڕایگەیاند، کەشتییەکە تێکچووە و دواتر تیمی کەشتییەکە توانیویانە کێشەکە چارەسەر بکەن و لە ڕێگەی گەرووی جبل طارقەوە بەردەوام بن.
داتاکانی بەدواداچوونی کەشتییەکان لە گروپی بۆرسەی لەندەن (LSEG) دەریدەخەن کە کەشتییەکە لە 11ی کانوونی دووەم لە بەندەری سانت پترسبۆرگی ڕووسیا بەڕێکەوتووە و دوایین جار بینراوە کە سیگناڵێکی (GMT)ی ڕۆژی دووشەممە لە نێوان جەزائیر و ئیسپانیا ناردووە.
گوڵان: سەردار خەلیل