روبــن بریکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لەبارەی دیدارەکەوە، نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "خۆشحاڵ بووم بە سەردانی روبن بریکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا. هەرێمی کوردستان پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ هۆڵەندا بەرز رادەگرێت و بەشداریی شانشینەکە لە شەڕی دژ بە تیرۆر دەنرخێنم. دەمانەوێت هاوبەشی و هەماهەنگیمان [لەگەڵ هۆڵەندا] بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت".
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پتەوکردنی سەقامگیریدا کرا و هەوڵەکانی چاکسازی و یه‌کخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه لە چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی کاروباری پێشمەرگەدا، خرایە بەر باس.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونه‌وه‌کەدا شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگری سه‌رۆک، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری کاروباری پێشمه‌رگه و ژماره‌یه‌ک له به‌رپرسانی هه‌ردوولا ئامادەی بوون، پەیوەندییەکانی هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرگری و راهێنانی سەربازیدا، تاوتوێ کران.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەردوولا جەختیان لەسەر بره‌ودان به هه‌موو بواره‌کانی په‌یوه‌ندی و گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزە هۆڵەندییەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، کردەوە".