سەرۆکی حکوومەت و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا مەترسییەکانی داعش تاوتوێ دەکەن
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، پرسی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش تاوتوێ دەکەن، هاوکات هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا و دابینکردن و ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەم وڵاتە.
سێشەممە17ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له جەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
له کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و سووریا و پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا کرا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش و تیرۆر.
هەروەها بیروڕا لەبارەی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سووریا ئاڵوگۆ کرا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا و دابینکردن و ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەم وڵاتە.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان، تایبەت بوو بە پێشکەوتنەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.