لــــە ســـەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە بەڕێز یان شنایدۆڤ، باڵوێزی نوێی کۆماری چیک لە عێراق کرد.
ئهمڕۆ سێشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە بەڕێز یان شنایدۆڤ، باڵوێزی نوێی کۆماری چیک لە عێراق کرد.
لەو دیدارەدا کە بەڕێز کارل کورتانێک کونسوڵی گشتیی کۆماری چیک لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵوێزی چیک پیرۆزبایی ڕۆژی ئاڵای کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد و هەروەها پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئۆکتۆبەری رابردوو ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد و هیوای خواست ئەنجامی باش لە دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکان بێتە دی بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها سەرنجی خستە سەر پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک و ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ زیاتر پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک باڵوێزی نوێی چیک لە عێراق هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هەروەها باسی لە پەیوەندییە مێژوویەکانی نێوان گەلی کورد و گەلی چیک کرد و هیوای خواست ئەم پەیوەندییانە زیاتر پەرەیان پێبدرێت. پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم سەرۆک بارزانی هیوای ئەوەی خواست گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی ئیجابی هەبێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ئەویش بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنی لایەنەکان.
بارودۆخی سیاسیی و ئەمنی عێراق و ناوچەکە و دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و داهاتووی ئەو وڵاتە بە تایبەت مافەکان و ڕۆڵی کورد لە سووریای داهاتوو تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون.