گەشەی هەرێمی کوردستان لە ڕوانگە و دیدی مەسرور بارزانی دا

گەشەی هەرێمی کوردستان لە ڕوانگە و دیدی مەسرور بارزانی دا

٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە وڵاتی بەحرەین، سەردانەکەی مەسرور بارزانی، هاوکاتە لەگەڵ دواین پەرەسەندن و گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەکە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەحرەین دیداری گرنگ و پڕ بایەخی هەبوو، لەگەڵ شا و جێنیشین و سەرۆک وەزیران و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە دیدار و کۆبوونەوەی تایبەتی هەبوو، کە ئەمەش بۆ خۆی سەلمێنەری پێشڤەچوونی زیاتری ئاستی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، لەنێویشیاندا وڵاتانی عەرەبی.
مەسرور بارزانی بەردەوام هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان دەدات، چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاخود وڵاتانی تری جیهان، یەکێک لە ستراتیژە هەر گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان بوو، مەسرور بارزانی، زۆر بە کارامەیی و هوشیارییەوە توانای بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ وڵاتان هەبوو، دیدارە دیپلۆماسییەکانیشی لە بەحرەین و وڵاتانی تری عەرەبی و ناوچەکە و جیهان گەواهیدەری ئەم ڕاستییەن.

ئارامی و پێکەوەژیان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەی لەگەڵ شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای بەحرەین، ئەوەی پێگوترا؛ هەرێمی کوردستان نموونەی پێشکەوتن و ئاوەدانییە، نەوای سەقامگیرییە بە ڕابەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە دیدگای وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان و پێگەکەی گۆڕانکاری گەورەی بەسەرداهاتووە، ئێستا هەرێمەکە وەکو دەوڵەتێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشکەوتنە گرنگانەی کە هەرێمی کوردستان پرۆسەی حکومڕانی و ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز لەناوچەکە بەدەستی هێناون.

بواری بارزگانی

یەکێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی مەسرور بارزانی، بەهێزکردنی پێگەی ئابوری و گەشەپێدانی بواری بازرگانی و ڕەخساندنی هەلی کار و بەردەوامی بواری وەبەرهێنانە، سەرۆکی حکوومەت جیا لە بەحرەین لەگەڵ
وڵاتانی تری کەنداو و ئەوروپاش جەختی لە زیاترکردنی پەیوەندییە ئابورییەکان کردۆتەوە لەپێناو فەراهەمکردنی کەشێکی گونجاو و ئارام بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی لەو ڕێگەیەشەوە ئابوری هەرێمی کوردستان، گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە کاتێکدا ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت، هەرێمی کوردستان وەکو نەوای پێکەوەژیان و ناوچەیەکی سەقامگیر تەماشا دەکرێت، لەماوەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان، لە هیچ بەرەیەکی ململانێدا خۆی نەبینییەوە، ئەمەش بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشەکەی ڕێگە دروستەکە بوو، لە ئێستادا، هەرێمەکە وەکو شوێنێکی سەقامگیر بۆ پێکهاتە و ئاینە جیاوازەکان سەیر دەکرێت، کە ئەوەش بەشێکی گرنگی پرۆسەی سەرکەوتووی دیموکراسییەت و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی دەوڵەتدارییە.

Top