لە دیداری سەرۆكی حكوومەت و باڵوێزی ئیمارات، جەخت لە برەودان بە پەیوەندیی دۆستانەی هەردوولا كرایەوە

سەرۆكی حكوومەت پێشوازیی لە باڵوێزی نوێی ئیمارات لە عێراق كرد، لەو دیدارەدا سڵاوی سەرۆكی ئیمارات گەیاندرایە مەسرور بارزانی و شێخ محەمەد بن زاید، پەیامی برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا نارد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4/12/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە عەبدوڵلا مەتەڕ ئەلمەزروعی، باڵوێزی نوێی دەوڵەتی ئیمارات لە عێراق کرد، سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی لە باڵوێز کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی و هەموو هاریکاری و پشتیوانییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ باڵوێز دهربڕی لەپێناو سەرخستنی ئەرکەکەی و پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
لە دیدارەكەدا، باڵوێزی ئیمارات، سڵاو و ڕێزى سەرۆکی ئیمارات شێخ محەمەد بن زایدى بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و جەختی لە برەودان بە پەیوەندیی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.
گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.