ئۆقرەیی دەمانگەیەنێتە چارەنووسێكی جوان
(مەهاتما غاندی) سیاسەتمەدار و سەركردەی ڕوحی هیندی دەڵێ " بناغەی ژیانێكی بەختەوەر بریتیە لە ئۆقرەیی و ڕازی بوون و چاوتێری".
بێگومان ژیان خۆی لە خۆیدا بریتییە لە هەوراز و نشێوی وهەڵكشان و داكشان و سەختی و ئاسودەیی هەموو جۆرەكانی لە خۆ دەگرێت، بەڵام ژیانێكی بەختەوەر و دڵخۆشی گەر بتەوێ بنیات بنێی و بیگوزەرێنی و بە سادەیی ژیان بكەی، پێویستە ئۆقرە بگری و ڕازی بی و هەمیشە چاوتێر بی و هەڵپەنەكەی بۆ ئەولا و ئەولا سنورێك بۆ ئارەزووەكانی ژیان دابنێی و جلەوی لە دەست خۆت بێت و هەمیشە ڕاكە ڕاك و ڕاوی ئارەزووەكانت نەبێ و چاوتێربی، چونكە هیچ كۆتایی و سنورێك بۆ داخوازی و ئارەزووەكان نییە لە هەموو ڕوویەكەوە هەمیشە ناتوانی هێور و لە سەر خۆ و بە ئاسودەیی بژی، هەروەكو درەخت بۆ ئەوەی گەشەی جوانتر و بەهێزتر بكات و بەرهەمی زیاتر بێت و لق و پۆپی جوانتر دەربكەوێ ساڵانە لق و پۆپی زیادە دەبردرێتەوە و زۆر جوانترە لەو درەختانەی كە خۆڕسكن و هیچ بڕینەوەیەكیان بۆ ئەنجام نادرێ.
قوتابخانە كەوا ژمارەیەكی یەكجار زۆر قوتابی دەگرێتە خۆی هەر یەكەی لە ژینگە و پەروەردەیەكی جیاواز هاتووە لە هەموو چین و توێژێكدا، گرنگە لە قوتابخانە وا لە قوتابی بكرێت هەمیشە چاوتێر بن و ڕازی بن بەو بارودۆخەی تیایدا دەژین و ئارام و ئۆقرە گرتووبن، ئەوەش دەوەستێتە سەر بەرێوەبەر و مامۆستای قوتابخانە تا لە داهاتوودا كۆمەڵگەیەكی بێ كێشە و زیندوو و ئارام دروست ببێت.
كابرایەك دەگێڕێتەوە و دەلێ جارێك لە یەكێك لە ڕۆژە گەرمەكانی هاوینی بەغداد لە مانگی تەمووزی ساڵی (2015) دەستم لە تاكسیەك ڕاگرت و دەمویست بچمە شوێنێك لە قەراغی بەغدا كە نزیك نەبوو لە شوێنەكەم، پەلەم بوو ویستم شوفێری تاكسییەكە ڕازی بكەم گەر لە كاتی خۆی بمگەیەنێتە ئەو شوێنە پارەی زیادی بدەمێ، ئەوەی سەرنجی ڕاكێشام شوفێری تاكسییەك بە ڕوویەكی خۆش پێشوازی لێم كرد،و ئەو پرسیارەی لێم نەكرد كە هەمیشە دەلێن بۆ كوێ دەچیت و نرخەكەش هێندەیە، پێم گوت ناتەوێ قسە بكەین لە سەر نرخی گەشتەكە و یان بۆ كوێ دەڕۆین. بە زەردەخەنەیەكەوە گوتی مادام گەشتەكەت هەر لە سنوری بەغدایە كێشەمان نییە لە ڕێگادا قسەمان كرد و ئەو چارەی لێم پرسی ئەوەی سەرنجی منی ڕاكێشا هیچ دوو دڵ نەبووی كە بۆكوێ دەچین و نرخەكەشت باس نەكرد پێم خۆش بوو باس بكەی بێ ئەوەی چاوی خۆی لە سەر رێگاكە لا بدات و شوفێری تاكسیەكە پیاوێكی بە تەمەن بوو گوتی" من زیاتر لە (30)ساڵە ئەو كارە دەكەم زۆر شتی لێ فێربووم، یەكێك لەوانە ئەگەر هاتوو كڕیارێكی دوو دینار نەگەیەنم ئەوا ناگەمە كڕیارێكی (100) سەد دیناری یەكسەر برۆیەكانم بڵند بوون و چاوم مۆلەق وەستان لە سادەیی و بەهێزی و زیرەكی ئەو كەسە پێم گوت چۆن دەتوانی نموونەیەكم بدەیتێ گوتی" جارێكیان چەند سالێك پێش ئێستا ژنێك منی ڕاگرت كەوا كەلوپەلی زۆری پێ بوو، وە مندالێكی بچووكی لەگەڵدا بوو دەیویست بیگەیەنمە كۆتایی شەقامەكە زۆر بێزار و ماندوو دیار بوو هەوڵی زۆری دابوو تاكسی تر نەیان گەیاند بوو لە بەر زۆری كەلوپەلی و باری دارایی ژنەكە هەژار بوو. من گەیاندمە كۆتایی شەقامەكە و یارمەتیم دا كەلوپەلەكانم بۆ هێنا خوارەوە و گەیاندمە بەر دەرگای و دوو دیناری دا پێم و هیچ قسەم نەكرد و ڕازی بووم، ویستم دەست بە ڕۆیشتن بكەم لە باڵەخانەی بەرامبەری كەسێك بە خێرایی ڕای كرد و جانتایەكی لە دەست بوو پەلەی بوو گوتی بمگەیەنە فڕۆكەخانە(100)سەد دینارت دەدەمێ ئەگەر لە كاتی خۆی بمگەیەنی. دواتر گوتی ئەگەر من ڕازی نەبووبام ئەو ئافرەتە هەژارە بە كۆمەڵێ كەلوپەلەوە بگەیەنم و لە داگرتنی كەلوپەلەكانی یارمەتیم نەدابایە ئەوا هەرگیز ئەو پیاوە بەمن ڕانەدەگەیشت كە(100) سەد دیناری كرێی گەیاندنەكەی بوو، بەوپەری باوەڕ و متمانەوە گوتی" گەر هەوڵ نەدەین بۆ یارمەتیدانی خەڵكانی تر هەر چەندە كە یارمەتیدانەكەیان سادە و ساكاریش بێت ئەوا چارەنووسێكی جوان و لە ناكاو و خۆشی چاوەڕێمان ناكات. بۆیە دەبێ هەمیشە چاوتێر و ڕازی بن و ئۆقرە و ئارامیمان هەبێت لە سەر بارودۆخەكان.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی