جوان بەكر مەعرووف نووسەر و شرۆڤەكار بۆ گوڵان:   كورد دەنگی بە سەرۆك بارزانی هەڵگری بیری نەتەوەیی و ڕزگاریخوازیی كورد دا

جوان بەكر مەعرووف  نووسەر و شرۆڤەكار بۆ گوڵان:     كورد دەنگی بە سەرۆك بارزانی هەڵگری بیری نەتەوەیی و ڕزگاریخوازیی كورد دا

 

 

دوای هەڵبژاردن بابەتی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دێت، خەڵكی كوردستان بە ئومێد و دڵگەرمییەوە دەڕواننە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی كوردستان و پێكهێنانی «یەك پەرلەمان و یەك حكومەت و یەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان». لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ جوان بەكر مەعرووف نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی ساز دا.

 

* جەماوەری كوردستان وەفاداریی خۆیان بۆ سەرۆك بارزانی نوێ كردەوە و لە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پارتی دیموكراتی كوردستانی بووەوە بە یەكەمی بێ ڕكابەر. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، وێڕای ئەو هەموو پیلان و دەستتێوەردانە نایاساییانە، چی وای كرد ئیرادەی گەل بەسەر ئیرادەی دەرەكی و نەیارانی هزری نەتەوەیی سەربكەوێتەوە؟

- پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكە بدەمەوە، دەبێت كەمێك لاپەڕەكانی مێژووی هاوچەرخی كورد هەڵبدەینەوە. میللەتی كورد هەر چارەنووسی وا بووە، بەردەوام دوژمن و نەیاری سەرسەختی بۆ دروست بووە، بە سوودوەرگرتن لە نانەوەی دووبەرەكی و ئاژاوە و ناتەبایی گورزی گەورەیان لە ئایندەی نەتەوەی كورد وەشاندووە. هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری كە لە عەقیدەی بارزان و مەلا مستەفا بارزانییەوە سەرچاوەی گرتووە و سەرۆك بارزانی درێژەپێدەر و هەڵگری ئەو بیروباوەڕە پیرۆزەیە، بووەتە ئیلهام بەخشی بڵاوكردنەوەی ڕۆحی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری لە ناو كورددا و بەم عەقیدەیە كورد ڕووبەڕووی هەموو ئەو نەیار و دوژمنانە بووەتەوە. لەیلا زانا كەسایەتیی سیاسیی كورد و پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی توركیا كاتێك باسی كاریزمایی مەلا مستەفا بارزانی دەكات، دەڵێت: «ئێمە بە تێكۆشانی مەلا مستەفا بارزانی هەستمان بە كوردایەتی كرد»، داواش لە مسعود بارزانی دەكات و دەبێژێت: «سەرۆك بارزانی پێویستە هاوكار و پشتیوان بێت و بەشداری ئاشتەوایی نێوان تورك و كورد لە توركیا بكات». هەر خۆی لەخۆیدا سەرۆك بارزانی نوێنەرایەتیی دیموكراسییەت لە تەواوی ناوچەكەدا دەكات. ئەوەی ئێمەشی لەم ناوچە ئاڵۆز و پڕ لە كێشمەكێشە هێشتووەتەوە، تەنیا بیری نەتەوەیی و خەباتی كورد بووە، كە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە هەڵگری ئەو ئاڵا پیرۆزەیەتی. ئەمڕۆ قەوارەی كوردستان ڕووبەڕووی ئەو هەموو دوژمن و نەیار و كاڵفامانە بووەتەوە، كە دەیانەوێت بەهێزی زەبر و برسیكردن و بڕینی قووت و مووچەی خەڵك و خیانەتەكان بەو بیروباوەڕە پیرۆزە لە مێشكی نەوەكانمان دەربهێنن. هەڵبژاردن و پیلان و ئامانجە ژێربەژێرە نایاساییەكانی دادگای فیدراڵی بە هەڵوەشانەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان و لابردنی كورسیی كۆتاكان و بەتاڵكردنی هەرێمی كوردستان لە كەلتوورێكی جوانی مۆزایكێكی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی، دوا زنجیرەی ئەو دژایەتیكردنە بوو، كە خۆشبەختانە گەلی كوردستان متمانە و وەفای دووبارە كردەوە بۆ سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بووە سەركەوتووی یەكەمی بێ ڕكابەری هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان و لە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد زۆرینەی دەنگەكانی بە دەست هێنا. ئەم جارە سەرۆك بارزانی توانی بە زۆرینەی دەنگی كورد و كوردستانییان شەرعیەت بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان و ویستی نەتەوەكەی بگەڕێنێتەوە، ئەویش لە كات و ساتێكدا كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاڵۆزی و پشێوییەكی زۆردا تێپەڕ دەبێت، كە هیچ كەس جورئەتی ئەوەی نییە لە بارودۆخێكی وادا هەڵبژاردن ئەنجام بدات. لە ئێستادا كوردستان نیمچە دەوڵەتێكی بەهێزە لە ناوچەكەدا و دۆست و دوژمن ددانی پێدا دەنێن و حیساباتی وردی بۆ دەكەن. ئەمجارە سەرۆك بارزانی نەك تەنیا بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت و تێكۆشەرەكانی دیكەی جووڵاند بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان، بەڵكو زیاتر لە (812.794) دەنگ بە سەرۆك بارزانی دراوە.

*  بۆ قۆناغی داهاتوو و دەستپێكردنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تاچەند گەلی كورد پاڵپشتیی ئاوەدانی و ئارامی دەكەن و پارتی ئایا دەتوانێت بەزووترین كات حكومەت پێك بهێنێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو پارت و حزبە سیاسییانەی كە ڕاستگۆن و لەنیوەی ڕێگادا لە بەرپرسارێتی ئەخلاقی و مێژوویی هەڵنایەن؟

- پارتی دیموكراتی كوردستان بە ناچاری لەگەڵ حزب و لایەنی بەناو سیاسیی وادا مامەڵە دەكات، كە جگە لە موزایەدە و هەڵگرتنی دروشمی درۆ و دژایەتیكردنی ئەو هێز و لایەنانەی كوردپەروەر و نیشتمانپەروەرن هیچی دیكەیان پێ نییە. ئەوانە زۆربەیان بە ڕۆژ حوكمڕانن و بە شەو ئۆپۆزسیۆنن و جگە لە دروشمی «دەیڕووخێنین» هیچ دروشمێكی دیكە و كار و كردەوەیەكیان بۆ خەڵكی پێ نییە. من لەم ئەڵمانیایەم و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیانم بینی. ئەوەی لە كوردستان لە ئیرهابی فیكری و هەڕەشە و توندوتیژی و زیانگەیاندن بە قەوارەی هەرێم بینیم، لێرە لەم ئەڵمانیایە بكرایە، داواكاریی گشتی و لایەنی دادگا دەهاتە دەنگ و سزا دەدران. پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكە پڕی بوو لە ناوزڕاندن و درۆ و بوختان، لەوەش سەیرتر تۆ لە هەرێمێكی و بۆ حكومەتێكی نوێ هەڵبژاردن دەكەیت، كەچی هەوڵی ڕووخاندنی دەدەیت، لە كاتێكدا لەو دیو دێگەڵەوە هەر خۆی مۆنۆپۆڵی حوكمڕانی كردووە، بەڵام خۆڵكردن بە چاوی خەڵكدا نەیتوانی دەنگەكانی ئاوەدانی و ئارامی كەم بكاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە دامەزراندنی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەم گرووپ و تاقمانەدا كارێكی ئاسان نییە، بەڵام قورسیش نییە، مادام یەكەمی بێ ڕكابەری و زۆرینەی گەلی كوردستان و خەڵكانی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر پاڵپشتیمان دەكەن، گرنگ نییە پێكهێنانی كابینەكە چەندی پێ دەچێت، گرنگ ئەوەیە نەچینە ژێر فشار و ویستی نەیارانی كورد و لەگەڵ كەسانێكدا حكومەت پێك نەهێنین كە پۆپۆلیستن و ڕاستگۆ نین.

* بەكارهێنانی زمانی زبر و ئێرهابی فیكری و زیانگەیاندن بە قەوارەی هەرێم تا چەند لەگەڵ بیروباوەڕی دیموكراتی و پرۆسەی هەڵبژاردن و پەرلەمانی یەك دەگرێتەوە؟

- بەكارهێنانی توندوتیژی و دەرچوون لە پرەنسیپەكانی مەدەنییەت و دیموكراتی گەورەترین مەترسییە لەسەر خودی پرۆسە دیموكراتییەكە، ڕەنگە ئەمە پاشخانێكی پێشووتری هەبێت، بەوەی دژایەتیی هزری نەتەوەیی كراوە و پشت بە هێزێكی چەكداری دەرەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەستراوە بۆ ئەم كردەوە قێزەونەی دژ بە كورد ئەنجام دراوە. تاكە فریادڕەس و ڕێگا چارە تەنیا ئەوەیە كە سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێدا ئەویش پەسەندكردنی دەستووری هەرێمی كوردستان و یەك پەرلەمان و یەك حكومەت و یەك هێزی پێشمەرگەی كوردستانە. ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا جێگای دڵخۆشی بوو، پاڵپشتیكردن و وەفاداریی زیاتر لە هەشت سەد هەزار دەنگدەر بوو بۆ بارزانی، بێگومان دەنگەكانی دیكەش زۆرینەی هەرە زۆری بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پاڵپشتیی ئاوەدانی و ئارامی دەكەن، بۆیە لەو دیو تونێلە تاریكەكەوە ترووسكایی لەدایكبوونی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر نزیكە.

* بەو پێیەی خەڵكی سلێمانیت و زۆر نووسین و شرۆڤەكاریت لەسەر هزری نەتەوەیی هەیە، ئەوەش دەزانی كە ئەو شارە لە كۆنەوە جێگای سەركردە و شاعیر و كەسایەتیی گەورەی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی بووە، ئایا پێت وانییە لە غیابی ئەو هێزانەی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرین لە گۆڕەپانی سیاسیی سلێمانیدا كەسانێكی پۆپۆلیست شوێن پێی خۆیان كردووەتەوە؟

- نابێت ڕێگا بدرێت چیتر ئازاری كەسانی كوردپەروەر و شۆڕشگێڕەكانی شاری سلێمانی و پارێزگاكە بدرێت و ئیرهابی فیكریان لەسەر بێت. نابێت پارتی دیموكراتی كوردستان گۆڕەپانی كوردایەتی و نیشتمانپەروەریی خۆی لە شاری سلێمانی بۆ تاقمێك چۆڵ بكات كە هەڵگری هزری توندوتیژی و پۆپۆلیستی و تەنانەت شوێنپێكەوتەی نەیاران و ویست و خواستی وڵاتانی ناوچەكەن. ئەو ئیرهابە فیكرییە و ترس و تۆقاندن و ئەو كوشتن و ڕفاندنەی لە سلێمانی هەیە، لە هیچ شار و ناوچەیەكی دیكەی كوردستان نییە. سازشكردن بۆ بەرەی بەناو موقاوەمە و كەسانێكی هەڵتۆقیو كە ڕووبەڕووی هەموو خێزان و خانەوادە كوردپەروەرەكانی ناوچەی سلێمانی بوونەتەوە، مەترسییەكی گەورەیە. ئەركی خانەوادە سەربەرزەكانی سلێمانییە شارەكەیان بگەڕێننەوە سەردەمی زێڕینی كوردایەتی و بتوانرێت منداڵدانی كوردایەتی ببێتە هەوێنی ئازادبوونی پارچەكانی دیكەی كوردستان.

* هەڵكەوتەی جوگرافیای كوردستان وایە كە هێزگەلێكی گەورە لە ناوچەكەدا هەن و كوردیان بەسەردا دابەش بووە. ئایا ئەمە هۆكارێك نییە بۆ دەستتێوەردان و نانەوەی دووبەرەكی و فیتنە؟

- دابەشبوونی كورد بە سەر چوار دەوڵەتدا كە ماف و ئازادییەكانی گەلی كوردیان زەوت كردووە، وای كردووە هەمووی بە چاوێكی شەڕەنگێزی و پیلانگێڕییەوە بڕواننە هەرێمی كوردستان و خێروخۆشییان بۆ خەڵكەكەی نەوێت، بۆ ئەوەی گەلی كوردی ئەو پارچانەی دیكەی كوردستانیش ڕۆژێك لە ڕۆژان بیر لەوە نەكەنەوە، داوای مافی چارەی خۆنووسین و هیچ دەسەڵاتێكی نامەركەزی بكەن. نانەوەی دووبەرەكی و دروستكردنی فیتنە و ئاشووب بۆ لێدانی هزری نەتەوەی كوردە، لەسەردەمی (مەلا مستەفا بارزانی)یەوە هەوڵی زۆری بۆ دراوە، چونكە دەیانزانی مەلا مستەفا بارزانی سەركردەیەك بوو بۆ هەر چوارپارچەی كوردستان و دوژمن پێش دۆست بەرانبەر ڕۆڵی گەورەی ئەم سەركردەیە تووشی شۆك بوون، لە ئێستاشدا تەنیا فریادڕەسێك بۆ داهاتووی كورد هەبێت مەرجەعی كورد سەرۆك (مسعود بارزانی)یە كە هەموو پیلان ومەرام و هەوڵەكانی زیانگەیاندن بە نەتەوەی كوردی هەڵوەشاندووەتەوە.

 

 

Top