پارتی لە هەڵبژاردن چی بردەوە؟
ڕۆژی 20ی ئۆکتۆبەری 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنێک کە بە چارەنووسساز و مێژوویی لە قەڵەم دەدرا، ئاماژەکانی هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکانی زۆر بابەت گەلیان گرتۆتە خۆ کە شایەنی وردبوونەوەن.
ئەنجامەکان بەشێوەیەک بوون، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێژەیەکی زۆری دەنگ و کورسی هەموو لایەنە سیاسییەکانی تری تێپەڕاند، بە جۆرێک پارتی (809) هەزار دەنگی بەدەستهێنا، هیچ لایەنێکی تری سیاسی نەگەیشتە نیوەی ئەم ڕێژەیەش، جیا لەوەی پارتی تەنها پارێزگای (دهۆک)ی بەس بوو، بۆ ئەوەی دەنگی لە یەکێتی و هەموو لایەنەکان زیاتر بێت، بێگومان ئەمەش هێما و تێڕوانینی نوێ زیاد دەکات لەوانە:
١- دووبارە سەلمێنرایەوە کە دەنگ و پێگەی جەماوەری پارتی نەک کەم نەبووە، بەڵکو بەپێی ئەنجامەکان زیاتر لە (200) هەزار دەنگ زیادی کردووە.
٢- سەڕەرای بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەکە، بەڵام پارتی پێگەی خۆی قایمتر کرد.
٣- هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان بە هەموویان نەیانتوانیووە پارتی تێپەڕێنن
شەرعیەتی دیموکراسی
هەرچەندە یەکەم کەس لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 کە داوای هەڵبژاردنی کرد سەرۆک بارزانی بوو، بەڵام ئەمجارە لە ساڵی 2024 کە پارتی خۆی داڕێژەر و بناغەی ئەساسی هەڵبژاردنەکە بوو، بۆ هەموولایەکی سەلماند کە کوردستان پەیڕەوی بنەماکانی دیموکراسییەت دەکات، بەشداری %74 ی هاووڵاتیان ڕێژەیەکی زۆر باشە، بەتایبەت لە
هەولێر و دهۆک کە ڕێژەکە بەرزە، ئەوەش دەلالەتی پشتیوانی بەهێزی خەڵکە بۆ پرۆسەی حکومڕانی و، باوەڕبوونە بە کار و پرۆژە و بەرنامە ستراتیژییەکانی پارتی.
لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە پێگەی هەرێمی کوردستان تەواو پتەوتر دەکات، چونکە ئیدی دەرچەیەک بۆ ڕەخنە و تانە لە حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان نەماوەتەوە، پارتیش سەرقافڵەی ئەو شەرعیەتە دیموکراسییە.
خاڵێکی تر کە جێگەی بایەخە، فەزای ئازادانەی پارتی بوو، پارتی لە ناوچەکانی جێ نفوزی خۆی باشترین پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەیڕەو کرد، نە سیاسەتی زۆرە ملێ و نە وێنە گرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە کاتی دەنگدان نەبینرا، بە پێچەوانەوە ئەو هێزەی ترسی لە شکستی گەورە هەبوو دەیان ڕێگەی نایاسایی گرتە بەر، هەرچۆنێک بێت، ئەمە دەریخست کە پارتی سەد هێندە لە پێش لایەنە سیاسییەکانی ترەوەیە لە ڕووی پێگیریی بە بنەماکانی دیموکراسی و دەربڕینی بۆچوونی ئازادانە لە هەڵبژاردندا.
پارتی حزبی ملیۆنییە
بەپێی ئەنجامەکان پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (809) هەزار دەنگی بردۆتەوە، واتا بە تۆمارکردنی دەنگی نەینەوا و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، پارتی سەرو (یەک ملیۆن) دەنگدەدەری هەیە، بەمەش هێزی یەکەمی سیاسی جەماوەری هەموو عێراقە، واتا ئەم هەڵبژاردنە جیا لەوەی بۆ کوردستانیان بە بایەخ بوو، دووبارە پێگەی بەهێزی پارتی لە سەرتاسەری عێراق سەلماندەوە.
پێگەی پارتی لە کوردستان
پارتی لە چوار پارێزگاکەی کوردستان کورسی بەدەستهێناوە و دەنگەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، جیا لەوەی چەندین گرفت بۆ دەنگدەرانی پارتی هەبوون، لەوانە؛
نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و بیانووی تازە نەکردنەوەی کارتی دەنگدان و فشار لە لایەنگرانی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، بەڵام سەرەرای ئەوەش جەماوەری پارتی بە تەواوی و ڕەهایی پارتیان لە لوتکەی هێز و توانا و دەسەڵاتتدا هێشتەوە.
فشارەکان و سەرکەوتنی پارتی
زۆرێک لەو بڕوایەدا بوون، کە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و بڕینی بوودجە و نەناردنی مووچە و هاوکاری لایەنی ناوخۆی بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و هەموو فشارە اقلیمییەکان، پارتی لاواز دەکەن، وایان دانابوو، پارتی نەک دەنگ کەم دەکات، بەڵکو ئەوان دەتوانن پارتی لەناوببەن، کەچی هەموو لایەنانەی کە دروشمی ڕووخان و لەناوبردن و هەڕەشە ئامێزیان بەرز دەکردەوە، بە قورسی بە پارتی دۆڕان، شکستێک کە سەلماندی قسەی گەورە هیچ بایەخی نییە، بەڵکو بە هێمنی و هێوری، پارتی هەموو کوردستانی لێ بردنەوە، ئەگەر باسی شارەکانیش بکەین، ئەمجارە بە تەواوی هەولێر و دهۆک پشتیوانی پارتییان کرد و زۆرینەی ڕەهای دەنگ و کورسی بەخشییە پارتی، لە سلێمانیش دەنگەکانی پارتی زیادی کردووە و کورسییەکەی هەڵەبجەش سەنگ و پێگەی پارتی لە لەم دەڤەرە پتەوتر کرد.
کۆبەند
پارتی حزبێکی خاوەن ڕێباز و بیر و باوەڕ و ستراتیژە، ستراتیژێک، کە سەرچاوەی لە رێبازی بارزانییەوە گرتووە و هەمیشە لە گەشەکردندایە، پارتی لە ئارامیدا گەشە دەکات و هەوڵی بەهێزترکردنی کوردستان دەدات، پارتی حزبی کەمترین قسە و زۆرترین کردارە، هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکیی پێشکەوتنەکانی حوکمڕانین لە هەرێمی کوردستان، ئەم سەرکەوتنەی پارتی و بەهێزی پارتی، واتە زامنی سەقامگیری و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و خۆڕاگری لەبەرانبەر ئاڵنگارییەکان.
ئەم بەهێزییەی پارتی واتە دەستی پێکەوەیی و یەک حکوومەتی و یەک پەرلەمانی، واتە پووچەڵکردنەوەی هەرچی پیلانی نەزۆکە بۆ لاوازکردنی پێگەی کوردستان.