مانۆڕەکەی ئەمساڵ بە میوانداری بەلجیکا و هۆڵەندا ئەنجام دەدرێت.
مانۆڕی ساڵانەی ئەتۆمی ناتۆ دەستپێدەکات
ناتۆ بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ مانۆڕی ساڵانەی ئەتۆمی "Steadfast Noon" دەستپێدەکات و دوو هەفتە دەخایەنێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ناتۆ، لە مانۆڕەکەدا زیاتر لە ٦٠ فڕۆکە بەشداری دەکەن.
لە چوارچێوەی مانۆڕەکەدا کە تیایدا بەسەر ئەورووپای ڕۆژئاوادا فڕینی مەشق ئەنجام دەدرێت، ئەو فڕۆکانەی ئەمریکا کە توانای هەڵگرتنی مووشەکی ئەتۆمیان هەیە بەشداری دەکەن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتەی سکرتێری گشتیی ناتۆ، مارک رووتە خراوەتەڕوو کە دەڵێت: "ڕێگری ئەتۆمی بەردی بناغەی ئاسایشی هاوپەیمانانە. Steadfast Noon تاقیکردنەوەیەکی سەرەکییە. پەیامێکی ڕوون بۆ هەموو دوژمنێک دەنێرێت کە ناتۆ هەموو هاوپەیمانان دەپارێزێت و بەرگرییان لێدەکات".
مانۆڕی ساڵانەی ئەتۆمی ناتۆ لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەستپێدەكات.
لە مانۆڕەکەی ئەمساڵدا هەرلە ئاسمانی بەلجیکا و هۆڵەنداوە کە میوانداری مانۆڕەکە دەکەن تا کایەی ئاسمانیی دانیمارک، بەریتانیا و دەریای باکوور فڕین ئەنجام دەدرێت و مانۆڕەکە دوو هەفتە دەخایەنێت.
گوڵان: سەردار خەلیل