كردەوەكان تاكە رێگەن بۆ گوزارشت كردن لە ڕەوشت

كردەوەكان تاكە رێگەن بۆ گوزارشت كردن لە ڕەوشت

(جین ئەدامز) فەیلەسوف و نوسەر و چالاكوانی ئەمریكی دەڵێ " كردەوە تاكە هۆكارە بۆ گوزارشت كردن لە ڕەوشت".
شكی تێدانییە هیچ كۆمەڵگە و نەتەوە و شارستانیەتێك پێش ناكەون و گەشە ناكەن گەر بە فێركردن و پەروەردە كردن نەبێت، ئەویش پەروەردەیەكی تەندروست و فێركردنێكی ڕاست و ڕەوان پاڵپشت بە پرۆگرامێكی ڕوون و پەیامێكی بەرز و مامۆستای لە خۆبوردوو و نیشتمانپەروەر و پەروەردە دۆست كە بە دڵنیایی كاریگەری ئەرێنی و ڕاستەوخۆیان دەبێت لە سەر تاك بە تاكی كۆمەڵگە و بەرەوپێشچوونی ڕەو ڕەوەی پەرەپێدان لە هەموو لایەنەكانی ژیان، بۆیە گرنگە و زەرورە لە قوتابخانەكاندا لە ڕێگای مامۆستایانی خۆڕاگر و خۆنەویست و دڵسۆز بۆ خاك و نیشتمان و ئەركەكەیان تاكێك بنیان بنێن تاكێكی بەهێز و بارگاوی كراو و پابەند بە پڕەنسیپە جێگیرەكان و بەها نەگۆڕەكانی نیشتمانپەروەری و مرۆڤ دۆستی و خۆشەویستی بۆ خاك و دڵسۆزی بۆ ئەركەكەیان، بێگومان ئەوانە و چەندانی تریش لە بەهاكان لە سەر دەستی مامۆستایانی پێشەنگ دێنەدی ئەو مامۆستایانەی كەوا بە درێژایی تەمەنیان شوێن پەنجەی درەوشاوە لە ژیانی پەروەردەییان جێ دەهێڵن و كۆمەڵگە خۆی بە قەرزاریان دەزانێ، ئەو جۆرە مامۆستایانە تایبەتمەندی سەركردەی لە خۆبوردوییان لێ بەدی دەكرێ و هەمیشە نموونەی هەرە بەرز و پێشەنگی كاروانی پێگەیاندن و تێگەیاندنی ڕەوشتی جوانن بۆ نەوەكانمان، بۆیە ئەستەمە گەر هەر دەستكەوت و بەرهەمێك بەدی بهێنرێت و سوود و بەردەوامی هەبێت بۆ تەواوی كۆمەڵگە گەر ڕەوشتێكی بەرزی لەگەڵدا نەبێت، چونكە ڕەوشت پارێزەری بەهێز و ڕاگری پتەوە بۆ بەردەوامی و هەموو سەركەوتن و دەستكەوتنێك كە لە ژیان بەدەست دەهێنرێت. مامۆستاش بە دڵنیایی شۆڕە سوار و سەركردەی بنیاتنان و پەرەپێدانی ڕەوشتی جوانە لە ناخ و هەڵسوكەوت و ڕەفتاری قوتابی كە هەردەم قوتابیەكی بەهێز و سازش و مساوەمە و خیانەت لە نیشتمان و كۆمەڵگە ناكات و هەردەم تاكێكی بەرهەم هێن و سوودبەخش دەبێت بۆ كۆمەڵگە و نیشتمان.
دەگێڕنەوە مامۆستا تاقیكردنەوە بە قوتابیەكانی دەكات بۆ ئەوەی هانیان بدات زیاتر بخوێنن و پێیان دەڵێت ئەوەی نمرەی تەواو بەدەست بهێنێت جووتێك كالە بە دیاری وەردەگرێت، منداڵەكان زۆر دڵخۆش دەبن و دەست دەكەن بە وەڵامدانەوەی پرسیارەكان. مامۆستاكە سەری دەسوڕمێت لەوەی هەموویان زۆر بە باشی وەڵامیان داوەتەوە و نمرەی تەواویان هێناوە، هەر بۆیە سوپاسی قوتابیەكانی دەكات و پێیان دەڵێت لە بەر ئەوەی هەمووتان نمرەی باشتان هێناوە دەبێت تیروپشك بكەین بۆ ئەوەی دیارییەكەتان بدەمێ، بەو جۆرە قوتابیەكان هەموویان ناوی خۆیان لەسەر پارچە كاغەزێك دەنووسن و دەیكەنە بۆكسێكەوە مامۆستاكەش یەكێك لە پارچە كاغەزەكان دەردەهێنێـت و ناوی ئەو قوتابییە دەخوێنێتەوە كە دیارییەكە دەباتەوە، ئەویش كچێكە بە ناوی (هند) قوتابییەكە كاتێك گوێ بیستی ناوی خۆی دەبێت و لە خۆشیدا دەست دەكات بە گریان و دەچێتە پێشەوە بۆ وەرگرتنی دیارییەكە پاشان لە دڵی خۆیدا دەڵێت" سوپاس بۆ تۆ خوایە گیان دیارییەكە لە كاتی خۆیدا گەیشت، (هند) كالەكەی هەمووی دڕا بوو بەهۆی خراپی باری داراییەوە نەیدەتوانی كالەی نوێ بكرێت، كاتێك مامۆستاكە دەگەرێتەوە ماڵەوە باسی ڕۆژەكەی بۆ هاوسەرەكەی دەكات و دەست دەكات بە گریان هاوسەرەكەی سەری سوڕدەمێنێت ، مامۆستاکە دەڵێت" دوای تەواو بوونی وانەكە كاتێك كاغەزەكانم كردەوە دەبینم هەمووی لە سەری نوسراوە هند" كەوا قوتابیەكانم ڕێك كەوتوون لە سەر ئەوەی ناوی هاوڕێكەیان بنووسن كاتێك تێبینی كالە دڕاوەكەی هندیان كردووە. چەند جوانە قوتابییەكانم ئەوەندە ڕەوشت بەرزن.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top