هیچ شتێك تا سەر نیە

هیچ شتێك تا سەر نیە


(بارزانی نەمر) ڕابەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان دەفەرموێ " لە سەركەوتندا مەغرور مەبن و لە شكستدا نائومێد مەبن".
مرۆڤ لە ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی دا رووبەڕووی چەندەها كێشەو گرفتی جۆراوجۆر دەبێتەوە، لە هەمان كاتیشدا بە كۆمەڵێ دڵخۆشی و بەختەوەری و دەستكەوتدا تێدەپەرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە كاتی تەنگژە و ئازار دا نابێ نائومێد و ڕەشبین بین و دونیا لە پێش چاو تارێك بێت، وە لە كاتی سەركەوتن و دەستكەوتدا نابێ هێندە لە خۆبایی بێت و ڕۆژانی پێشوو و داهاتوو لە بەرچاو نەگرێت هەمووی تەواوكەری یەكترن و هەندێكیان دەستكەوت و بەرهەمە ئەوەی تریش دەبێتە پەند و وانە و شارەزایی و ئەزموون، واتە ژیان هەمە ڕەنگە هەوارز و نشێو و هەڵكشان و داكشان و خۆشی و ئازارە، وە تامە و چێژی لێ دەبینرێ. گرنگە مرۆڤ چ لە ژیانی ئاسایدا یان ژیانی بەرپرسیاریەتی لە خۆبایی نەبێت و ناز نەکات بەسەر خەڵكی تر خۆی لە بیرنەكات و هەموو ڕۆژەكان ئەو كاتە نییە كە تێیدا سەركەوتوو و بەختەوەرە، وە لە كاتی زەلیلی و داماویدا بێ هێز و ناچار و نا ئومێد نەبێت، پێویستە خاوەن ئیرادە بێت و كەسایەتی و شكۆ و سەرفرازی خۆی لە دەست نەدات. دەگێڕنەوە " كە ڕۆژێك پادشایەك لە هەموو شارەزایان و زاناكانی شانشینەكەی كۆ دەكاتەوە و داوایان لێ دەكات كە دەستەواژەیەكی بۆ بنووسن تا لە سەر تەختی پادشاییەكی هەڵیواسێت و زوو زوو سەیری بكات بۆ ئەوەی لە ژیانی تایبەتی خۆی و فەرمانڕەوایی كردنی شانشینەكەیدا سوودی لێ ببینێ، پادشاكە بە زاناكانی گوت دەمەوێ ئەو دەستەواژەیە زۆر بەهێز بێت لە ساتە دژوارەكاندا یارمەتیم بدات و بەم هۆیەوە بتوانم بە سەرقەیران و ناخۆشیەكاندا زاڵ ببم و لە هەمان كاتیشدا دڵخۆشم بكات، وە هیوام بداتێ‌ و هەركاتێكیش كە زۆر بە خۆم نازیم دووبارە ئاگادارم بكاتەوە، زاناكان سەریان سوڕما و بیریان لە دەستەواژەیەك كردەوە هەموو ئەو واتایانە هەڵبگرێت كە پاشا دەیەوێت، بەڵام نەگەیشتن بە ئەنجام و كەسیان نەیانتوانی دەستەواژەیەكی گونجاو بدۆزنەوە تاوەكو یەكێك لە زاناكان هاتە بەردەم پاشاكە و تیانووسەكەی بەرز كردەوە كە لێی نوسرابوو (هەمووی تێدەپەرێت) پیاوە زاناكە گوتی" ژیان هیچ كات وەكو خۆی نامێنێتەوە گەورەم، چونكە كات هەمیشە دەگۆڕێت ڕۆژە خۆشەكان دێن، بەڵام تێدەپەرێت بە هەمان شێوە ڕۆژە ناخۆشەكانیش دێن و كۆتاییان پێ دێت، ڕۆژانێك دێن كە سەركەوتنێكی زۆر بەدەست دەهێنێت هەمووان بە دەنگی بەرز ناوت دەهێنن، ڕۆژانێكیش دێن كە شكست دەهێنێت و هەمووان لێت هەڵدەگەرێنەوە لە كۆتاییدا هەموو ئەوانە تێدەپەڕن و نامێنن، پادشاكە زەردەخەنەیەكی كرد و فەرمانی كرد كە ئەو دەستەواژە زێرینە لە سەر تەختی پادشایەتیەكەی و هەموو گۆڕەپانی شانشینەكەی هەڵواسرێت تاوەكو هەمووی لە یادگەیاندا بمێنێتەوە. پێویستە بەردەوام لە بیرمان بێت كە هیچ شتێك لەم ژیانەدا تا سەر نییە لە كاتی بێ ئومێدی و ناخۆشیەكانماندا و لە كاتی خۆشی و سەركەوتنەكانماندا دەبێت بزانین هەموو ئەوانە تەنها ڕۆژانێكن و تێپەر دەبن، بۆیە تا دەتوانن چێژ لە ساتە خۆشەكان ببینن و هەرگیز بێ هیوا نەبن و بەردەوام خاوەن ئیرادە و كەسایەتی و شكۆی خۆمان بین و ڕۆژان ڕۆژی لە دوا دێت و ناخۆشی تا سەر نییە، گرنگ ئەوەیە سوود و چێژ و وانە لە هەموو چركە و ساتێك وەربگرین لە بیرمان نەچێت ژیان بە هەموو تاڵی و شیرینی و جوانی و سەختیەكانیەوە جوان و سوودبەخشە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top