ڕیفراندۆم..  پرسێک بۆ سەربەخۆیی، بەربەستێک  بۆ پاراستنی کوردستان

   ڕیفراندۆم..   پرسێک بۆ سەربەخۆیی، بەربەستێک  بۆ پاراستنی کوردستان

 

 

ئەم ساڵ لە ساڵیادی پرۆسەی مێژوویی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا کە  7 ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژێکی وەک ئەمرۆ لە 25 ی ئەیلوولی 2017 بەڕەوەچووە چاودێران و نیشتیمانپەروەران و شەرەفمەندانی گەلی کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازییەکەی هەڵوەستەیێک دەکەن و لە نێو قۆناغی پۆست ڕیفراندۆمدا لە ئێستای خۆیان  دەپرسن: 

ئەوەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر و کەوتنی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان روویدا بە "شاڵاوهێنان و هێرشی  حەشد و مەشدی بەغدا و تاران و بەیروت، لە شنگالەوە تا خانەقین و دواتر بە سەرهەڵدانەوەی جمووجۆڵی داعش لەو ناوچانەی خاڵی بوون لە هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا"، گەردەنگی بەربەستی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم و سەرکەوتنە مەزنەکەی و  پاشان "داستانی بەرگری و بەرخودانی پردێ و سحێلا لە 25 و 27ی ئۆکتۆبەر" نەبووایە، ئێستا نەک هەر قەوارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گیانەڵا و ئاوزینگدان دا دەبوو، بەڵکو کەسایەتی تاک و کۆمەڵگەی  کوردستانی  تووشی شکستیی گەورەی نیشتمانی و نامۆیی و شکانی ئیڕادە و خواست و ویستە ڕەوایە نەتەوەییەکانی دەبوویەوە و وەک تاکێکی سەرکزی نێو مێژوویەکی شکستخواردوو بەرامبەر بە بەغدا و تاران و ئەنقەرە و بەیروت دەردەکەوت.

بە پێچەوانەی ئەم هاوکێشەیەوە، بارودۆخی ئێستایی نێو هزرو ناخی تاک و کۆی  کۆمەڵگای کوردستانی ئامادەگی زیاتری پرسی سەربەخۆیی و خۆبەدەستەوە نەدانی ئیرادەی تێدایە، گیان و هێزی لەبن نەهاتووی بەرخودان و نەچەمانەوەی هەیە، بارگاوی بۆتەوە بە گیان و هێز و ئیرادەی پتەو پۆڵاینی سەربەخۆبوون. هاوکات کەسایەتی ئێستای کوردستانی پۆست ڕیفڕاندۆم  دەسەڵاتدارانی بەغدا و تارانی  تووشی شەرمەزاریی و دەسەڵاتدارانی ئەمریکاشی سەرسام و سەرسوڕماو  کردووە.

ئێستا، دوای ریفراندۆم و داستانی پردێ و سحێلا، دەستە بژێران و چاودێران و سیاسیی و سیاسەتمەدارانی هەردوو حکوومەت و دەسەڵاتی بەغدا و واشنتۆن لەوە تێگەیشتوون کە هەردوو حکوومەتی ئەو دەمی بەغدا و واشنتۆن، ناتوانن خۆیان لە ( چەواشەکاری وپیلان و ئاین و ئۆنی سیاسی ) بدزنەوەو بڕووداماو و ڕووزەردی  خۆیان بەرامبەر گەلی کوردستان و هەولێری پایتەخت   بشارنەوەو بە روخساری دەمامکدراوپاسا و هێنانەوە بۆ نامەکەی تیلەرسەن ڕووی ڕاستی پرسە مەزنەکە  بشارنەوە.

لە قۆناغی پۆست ڕیفڕاندۆمدا روخساری دژوناحەزانی  پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە بەرامبەر ڕەوایی و پێداگیری سەرکردایەتی سیاسی و رابەری ڕیفڕاندۆم و بزاڤی رزگاریخوازی بۆ ئەنجامدانی لە کات و ساتی خۆیدا لە 25ی ئەیلوولی 2017 ئارەقەی شەرمەزارییان لێ دەتکێ و لە بەرامبەر جەماوەری گەلی کوردستان و سەرۆک و رابەری ڕیفڕاندۆمدا دۆش داماو ماتومەڵوولن، چونکە هەڵوێستی مەزنی گەل بۆ دەنگدان بە بەڵێ بۆ ریفراندۆم و هەلوێستی مەزنی سەرۆک بارزانی و ( خۆشەرمەزارنەکردنی بەرامبەر بە خوا و جەماوەر و مێژوو) دا، سەرفرازی و هێز و توانای ئیرادە بۆ سەربەخۆیی لای جەماوەر و خەڵکی کوردستان پتەوترکرد، بڕوابوون بە سەربەخۆیی لە ناخ و هزری کۆمەڵگای کوردستانی فۆڕمەڵەکردەوە و تۆکمەتری کرد بۆ ساتی پێویستی بریادان ئامادەی کردنەوە، ئامادەبوونێک ئیتر ببڕای ببڕ ( کورد سەپانی باوکی کەس نییە ).

ئێستا دوای حەوت ساڵ لەو مێژووە سەرفرازییەی رۆژی 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017 گەلی کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازییەکەی باشتر لە ڕووی راستەقینەی ( کۆبوونەوەکەی سحێلا ) تێدەگەن، ئەو کۆبوونەوە مێژووییەی وەک سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبە مێژووییەکەی دا ( بۆ مێژوو – لاپەرە 92) دا نووسیوویەتی :

گرنگترین جموجۆڵە دبلۆماسییەکانی مانگی ئەیلوولی 2017 کۆبوونەوەکەی سحێلا و تەلەفۆنەکان ونامەی تیلەرسەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆک ماکڕۆن، سەرۆکی فەڕەنسا بوو.  

لە پۆست ڕیفڕاندۆمەوە بە رۆژێکی وەک ئەمڕۆی ساڵی 2024 "برێیت مەگۆرگ، یان کۆبیچ، دۆگڵاس سلێمان و فڕانک بیکەر لە مالکی و عەبادی و مەبادی" باشتر وجوانتر تێگەیشتوون کە کوردستان : خاوەنی کارتی بەهێزی ئەنجامە سەرکەوتووەکەی ڕیفڕاندۆمەوە، نەخشە رێگای سەربەخۆیی لەبەردەستدایە ، و خۆی خاوەنداریەتی  پرسی سەربەخۆی و ئیرادەی خۆی دەکا وهەر بە هێزو ئیرادەی نیشتیمانی و نەتەوەیی خۆیەوە دیزانی  دیزاینەرانی دەرەکی و نەخشەو وپلانگێری ئەم و ئەو پووچەڵ دەکاتەوە ، با باو باهۆزەکەش بەئارەزووی کەشتیەکەوە هەڵینەکردبێ ، گرنگ : "کەشتی ڕیفڕاندۆمی کوردستان لە  25ی ئەیلوولی 2017 وە سەوڵی پۆڵایە و کەناری دوورگەی ئارام و سەربەخۆی ".

 

Top