پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەردەوامی کاروانی ئاوەدانی

پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەردەوامی کاروانی ئاوەدانی

(*)

مێژووی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵگەیەکی زیندوو و حاشاهەڵنەگرە لەسەر پەرۆشیی ئەم حزبە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی سەرجەم ئاواتەکانی گەلی کوردو زامن کردنی ئاوەدانی و ئارامیی و گەشە و پێشکەوتن بۆ ئەم پارچەیەی کوردستان.

لە دوای ساڵی ( ١٩٩١) ـە وە، سەرباری دەیان کێشەو گرفت و هەڵکشان و داکشان و سەرهەڵدانی دۆخە نەخوازراوەکانەوە، یەکێک لە پرەنسپیە برواپێکراوو جێگرە دیارەکانی لای پارتی، پارێزگاریکردن بووە لە ماف و داخوازیە رەواو یاساییەکانی گەلی کوردستان. هەر بەم هۆیەشەوە لە قۆناغی حکومڕانیشدا، پارتی سەرمەشقی ئاوەدانی و بووژانەوە و گەشەسەندن و باڵاکردنی هەرێمی کوردستان بووە.

بۆیە هەمان رۆحیەتی کارکردن و ڕێبازو بیروبڕوا داوامان لێدەکات لە خزمەت کوردستان و گەلە تێکۆشەرو خۆشەویستەکەیدا بین.

گەلی کوردستان بە درێژایی مێژووی تێکۆشانیەوە، چەندین قۆناغی دژوار و سەخت و دۆخی ناهەموارو تراژێدیای زۆری بڕیوەو هەمیشەش سەربەرز لێی دەرچووە.

هەر لەو سۆنگەیەوە ئەرکی هەموو لایەکمانە کە پارێزەری ڕاستەقینەی ئەم مێژووە پرشنگدارە و ئەم ئەزمونە حوکمڕانیە خۆماڵیە بین، بە ئاڕاستەی بەهێزترکردنی هەرێم و پاراستنی شاڕێگەی ئاوەدانی و ئارامی و شکۆی نیشتیمانەوە.

گرنگە، کاروانی ئاوەدانی بگاتە سەرجەم شار و شارۆچکە و دێهات و گوندە لاتەریکەکان و گشت ئەو شوێنانەی بە هەر هۆکارێکەوە بێت، وەکو پێویست ئاوڕیان لێنەدراوەتەوەو دەستی ئاوەدانیان پێ نەگەیشتووە و پێویستیان بە خزمەتی زیاتر و زۆرترو فراوانترەوە هەیە.

بۆ یە نکۆڵی لەم حەقیقەتە ناکرێت، پارتی هەمیشە لە پێناو شکۆی نیشتیمان و خزمەت و ئاوەدانی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی گەلەکەیەوە لە پێشەنگدا دەمێنێتەوەو حزبێکە لە پێناو شکۆی هەرێم و ئامانجە ستراتیژیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکاندا هەرگیز سازش لەسەر هیچ کام پرەنسیپەکانیدا ناکات و کۆڵ نادات.

 

(*)ئاغای سەرسیان

Top