مەسرور بارزانی: پێویستە حکوومەتی فیدراڵ، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان قەرەبوو بکاتەوە

مەسرور بارزانی: پێویستە حکوومەتی فیدراڵ، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان قەرەبوو بکاتەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 36ـەمین ساڵیادی قوربانییانی ئەنفالی بادینان پەیامێکی بڵاوکردەوە و بە پێویستی دەزانێت، "حکوومەتی فیدراڵ، ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە".

هەر لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرندا هاتووە: ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە کە 36 ساڵ لەمەوبەر، لە دوا قۆناغی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، ڕژێمی بەعس، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی دەڤەری بادینانی شەهید و بێسەروشوێن کرد. سەدان گوندی ئەو ناوچەیەشی وێران کرد کە سەرەنجام بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە "ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە قێزەونانە، قڕکردن و جێنۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو، بەڵام تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم کۆمەڵکوژیانە، نەیانتوانی ئیرادە و خواستی ئازادیخوازانەی گەلی کوردستان لە ناو ببەن".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەم یادەدا دووپاتی کردووەتەوە، "پێویستە حکوومەتی فیدراڵ، ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سڵاو لە گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بادینان و گشت شەهیدانی کوردستان دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت و هەرچی لە تواناشیدا بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان درێخی ناکات".

36ساڵ بەسەر ئەنفالی بادیناندا تێدەپەڕێت

ئەنفالی بادینان کە لە 25ی ئابی 1988 دەستی پێکرد و 6ی ئەیلوولی هەمان ساڵ کۆتایی پێهات، بە درێژایی سنووری نێوان عێراق و تورکیا و قووڵایی ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆی ئێستا، دەڤەرەکەی گەمارۆدا و ئاواییەکانی بناری زنجیرە چیاکانی (گارە، مەتین، بێخێر، شیرین، پێرس) و گوندەکانی دەوروبەری ڕووبارەکانی خابوور و زێی گەورە کەوتنە بەر شاڵاوەکە.

بەپێی لەبەڵگەنامە فەرمییەکانی ڕژێمی بەعس لە پرۆسەی جینۆسایدکردنی بادینان کە فەیلەقی 5ی سوپای عێراق و یەکە سەربازییەکانی سەر بەو فەیلەقە و ژمارەیەک فەوجی دیکە بەشدار بوون، لە 76 ناوچە شاڵاوی ئەنفال بەردەوام بوو، نزیکەی 700 گوند لە سنووری شارۆچکەکانی (زاخۆ، شێخان، ئامێدی، ئاکرێ، سێمێل و قەزای ناوەندیی پارێزگای دهۆک) وێران کران.

بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، لەو شاڵاوەدا 13 ھەزار و 553 کەس دەستگیر و بزر کران. جگە لە شەهید و برینداربوونی سەدان هاووڵاتی بەهۆی بۆمباران و کیمیابارانکردنی چەندین گوند ژمارەی قوربانیان بۆ 14 و 473  کەس بەرزبووەوە.

لەو ژمارەیە 3 ھەزار و 373 یان ئافرەت و 6 ھەزار و 964 یان منداڵ بوون. ھەروەھا ھەزار و 500 كەس بزر بوون و بەگشتیش 85 ھەزار هاووڵاتی لە گوند و زێدی خۆیان دەربەدەرکران و بەشێکیان ئاودیوی سنووری باکووری کوردستان و تورکیا بوون.

ئەو ئاوارانەی کە بەرەو باکووری کوردستان و تورکیا دەرباز بوون، سەرەتا حکوومەتی تورکیا ڕازی نەبوو داڵدەیان بدات. ئەوانەی سنووری تورکیاشیان بەزاند بەشێکیان ڕادەستی ڕژێمی بەعس کرانەوە، ڕێگەشی بە ڕێکخراوە مرۆیی و ڕۆژنامەنوسان نەدا سەردانیان بکەن و ڕاستی و دڕندەیی ڕژێمی بەعس بە جیهان بگەیەنن، دواجار لە ئایاری ساڵی 1989 بەشێک لەو هاووڵاتییانەی گەیشتبوونە تورکیا کە ژمارەیان سێ هەزار و 34 کەس بوو لە ئۆردوگایەکدا لە کردەیەکی هاوبەشی پیاوانی ڕژێمی بەعس و کاربەدەستانی تورکیا ژەهراوی کران.

Top