لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕ و ئەندامێتی لە ناتۆ، زێلێنسکی دەست لە دەسەڵات دەکێشێتەوە

لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕ و ئەندامێتی لە ناتۆ، زێلێنسکی دەست لە دەسەڵات دەکێشێتەوە

 

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایدەگەیەنێت، لە ئەگەری کۆتایی هاتنی شەڕ لەو وڵاتە و ئەو وڵاتە ببێتە ئەندامی ناتۆ، دەست لەکاردەکێشمەوە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە 23ی شوبات ڕایگەیاند، ئەگەر ئاشتی لەو وڵاتەدا بەرقەرار بێت و ئەندامێتی لە ناتۆدا بەدی بهێنرێت، دەست لە پۆستی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا دەکێشێتەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کیێڤ گوتی: ئەگەر ئاشتی بۆ ئۆکرانیا دامەزرا و ئەگەر بەڕاستی پێویست بوو بۆ من دەست لەکاربکێشمەوە، من ئامادەم... دەتوانم ئەمە بگۆڕمەوە بە ئەندامێتی ناتۆ. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر وڵاتەکەی لە ناتۆ وەربگیرێت، بە دڵنیاییەوە ئەم کارە دەکات.

لە سەروبەندی سێیەمین ساڵیادی لەشکرکێشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی، سەرۆکی ئۆکرانیا هەروەها ڕایگەیاند، کە ئامادەیە "دەستبەجێ دەست لە پۆستی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا بکێشێتەوە".

دوابەدوای ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیدارەکەی و واشنتۆن، ڕایگەیاند، کە پێی خۆشە دۆناڵد ترەمپ هاوبەش بێت لە ئۆکرانیا؛ زیاتر لە تەنها ناوبژیوانێک لە نێوان کیێڤ و مۆسکۆ.

سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی: "بەڕاستی دەمەوێت زیاتر لە نێوەندگیری هەبێت... ئەمە بەس نییە."

زێلێنسکی گوتی: ئۆکرانیا هاوبەشی ئەمریکایە، بەڵام ترەمپ دەیەوێت لەم بابەتەدا بێلایەن بێت. ڕۆژی یەکشەممە ١ی شوبات، ترەمپ، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بە "دیکتاتۆرێکی هەڵنەبژێردراو" ناوبرد و هۆشداریدا لەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا وڵاتەکەی لەدەست دەدات ئەگەر خێرا هەنگاو نەنێت.

بەڵام دەستووری ئۆکرانیا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەپێی یاسای سەربازی قەدەغە دەکات، کە لە دوای ئۆپراسیۆنی سەربازی تایبەتی ڕووسیا لە شوباتی ٢٠٢٢ەوە بەردەوامە و چەندین جار درێژکراوەتەوە.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top