هیوادارم لە هەموو بوارێكی وەرزش جیاوازی لە نێوان یاریزانان و یانەكان نەبێت

هیوادارم لە هەموو بوارێكی وەرزش جیاوازی لە نێوان یاریزانان و یانەكان نەبێت

تافا بەكر یاریزانی فوتساڵی یانەی سیروانی هەڵەبجە

هیوادارم لە هەموو بوارێكی وەرزش جیاوازی لە نێوان یاریزانان و یانەكان نەبێت
ناوچەی هەورامانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە یەكێك لەم ناوچانەی كوردستانە كە یاریزانانی ئەم ناوچە كە گرینگیەكی زۆر بە سەرجەم وەرزش و یارییە جۆراوجۆرەكان دەدەن، لەم ناوچەیە چەندین كچە یاریزانی بەتوانا بوونی هەیە لە یارییە جۆراوجۆرەكان، وەرزشكارانی ئەم دەڤەرە دەیانەوێ زیاتر ئاستی خۆیان بەرەوو پێش ببەن لە رێگەی یارییە جۆراوجۆرەكان ئامانجیان پێش خستنی وەرزشە، لە یاری فوتساڵیش شارەكە خاوەنی ژمارەیەك یاریزانی ئاست بەرزە كە ئێستا بۆ یانەكانی دەرەوەی شارەكەیان یاری دەكەن و خاوەن ئاستێكی بەرزن، یەكێك لەم كچە یاریزانانەش كە خاوەنی ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی كوردستان تافا بەكر محەمەد-ە ،ناوبراو وەكو یاریزان یاری بۆ بۆ یانەكانی هەڵەبجە و سیروانی هەڵەبجە كردوە، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2005ناحیەی بیارە لە هەورامان ، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
*ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی بە شێوەیەكی گشتی كە ئێستا ساڵانە خول و پاڵەوانێتی جۆراوجۆر دەكرێتەوە ؟
-ئاستی یاری فوتساڵ بە شێوەیەكی باشتر دەبینم بە تایبەتی بۆ ئافرەتان.
*نەبوونی خول و پاڵەوانێتی تا چەند بۆ ئێوە رێگرە لە دروست بوونی یاریزانی باش و پێشكەوتنی ئەم یارییە؟
- نەبوونی یاریگایەكی دیاریكراوی فوتساڵ و نەبوونی ڕاهێنەرێكی خاوەن ئەزموون، نەبوونی یاریزانی چاك ئەوانە لەگەڵ نەبوونی خولی بەردەوام دەبێتە ئاستەنگ بۆ یاریزانان.
*چی بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی فوتساڵ لە كوردستان بچێتە قۆناغێكی باشتر؟
- پەرەپێدان بە یاری فوتساڵ و كردنەوەی خولەكان و پەرەپێدان بە یاریزانان و ئەنجامدانی ڕاهێنان و مەشق ئەمانە دەبنە هۆكار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە باشتر بێت.
*گرفتەكانی ئەم یارییە زیاتر خۆی لە چی دەبینێتەوە؟
-نەبوونی یاریگا و نەبوونی هاوكاری لایەنی ماددی و مەعنەوی بۆ یاریزانان، نەبوونی ڕاهێنەر باشە ئەمانە هەمووی گرفت بۆ ئەم یارییە دروست دەكات.
*یانەكان داوای یاری كردنیان لێت نەكردووە؟
- بەڵی هەریەك لە یانەكانی هەڵەبجە و سیروانی هەڵەبجە داوای یاری كردنیان لێم كردوە.
*بە نیازی چیت بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- بە نیازم ببم بە مامۆستایەكی باشی وەرزشی بۆ ئەوەی بتوانم خزمەت بكەم.
*یاری كردن لە یاریگای گەورە بۆ ئێوەی كچ كارێكی زەحمەت نییە؟
- بەدڵنیاییەوە تاڕادەیەك زەحمەتی تێدا دەبینین.
*داواكاری و پێش نیارت بۆ لایەنی بەرپرس لە ناو وەرزشدا؟
-هیوادارم لە هەموو بوارێكی وەرزش جیاوازی لە نێوان یاریزانان و یانەكان نەبێت، هەمووی بە یەك چاو سەیر بكرێت.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو یاریزانێك؟
-وەكو كچە یاریزانێك خەونم ئەوەیە ببم بە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و ئاستێكی باش پێشكەش بكەم و ببم یە یەكێك لە ئەستێرەكانی كوردستان.
*خەونی ئەوەت نییە هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانەكان بیت؟
-بە هیوای ئەوەم ئەوە ڕۆژە دابێت و هەڵبژاردەكە دروست بێت و منیش یەكێك لە یاریزانەكانی بم.
*چ جیاوازییەك دەبین لە نێوان خولی كوردستان و عێراق؟
-چونكە قوتابی بووم بواری ئەوەم نەبووە بەشداربم لە خولی عێراقی،بەڵام لە خولی كوردستان بەشدار بوویمە، بە بۆچوونی من خولی عێراقی پێشكەوتووترە .
*بە چ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت؟
-كریستانۆ ڕۆنالدۆ.
* یاری كردن بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراقی لای تۆ چی دەگەینێ؟
-هەستێكی زۆر خۆشە بە هیوای ئەوەم بتوانم درێسی هەڵبژاردەی عێراقی بپۆشم.
* سەركەوتن چی دەگەینێ‌ لای تۆ؟
-بە دیهێنانی هەموو ئەو ئامانجانەیە كە خۆم دەمەوێت لە ژیاندا.
*ئەگەر شتێكت ماوە؟
-بەهیوای ئەوەم لە كوردستان پەرە بە یاری فوتساڵی كچان بدرێا و بەرەوپێش بچێت و ئاستی كچان زیاتر بەرز بێتەوە، لە ناو كۆمەڵگەی كوردی ڕێگە بە كچان بدرێت بتوانن بەشداری لە یاری فوتساڵ و ڕێگری نەكەن لە كچەكانیان لە وەرزش كردن، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو هەمووە خزمەتەی وەرزشی لە كوردستان ئەنجام دەدات.

 

Top