حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە سەندیکایەک یاخود کۆمەڵەیەک تایبەت بە وەرگێڕەکان دابمەزرێنێت .

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە سەندیکایەک یاخود کۆمەڵەیەک تایبەت بە وەرگێڕەکان دابمەزرێنێت .

وەرگێڕان بریتی یە لە شی کردنەوە و لێکدانەوەی مانای دەقێک و بەرهەمهێنانی دەقێکی هاوتای ئەو دەقەبۆ سەر زمانێکیتر بەو مەرجەی هەمان پەیام و مەبەست بگەیەنێت،
وەرگێڕان بە یەکێک لە کارە هەرە سەخت و ئەستەمەکان دادەنرێت چونکە پێویستی بە شارەزایی و کارامەیی و ووردبینی هەیە بۆ ئەوەی دەقی مەبەست هەمان پەیام و مانا بگەیەنێت کە وەرگيڕ بۆ سەر زمانيکیتر وەریدەگێڕێت .
کارێکی زۆر ئاڵۆز و هەستیارە کە وەرگێڕ تیایدا بەرپرسە لە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ سەر زمانێکیتر .
وەرگێڕان دوو جۆرە بەشێوەی زارەکی پێی دەڵێن وەرگێڕی ڕاستەوخۆ زیاتر ئەم جۆرە لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی و لە کەناڵەکانی تەلەڤزیۆندا دەکرێت .
جۆری دووەم بە نووسین دەکرێت ئەوەشیان دەقە هونەری و ئەدەبیەکان و دۆکیومێنتاری و دەقە یاساییەکان دەگرێتەوە زیاتر.
وەرگێڕ پێویستە کارامە و لێزان بێت کاتێک دەقێک وەردەگێڕێت چونکە هەبوونی کەموکوڕی و زیادەڕەوی کردن لە وەرگێڕانی هەرشتێک سیما و جوانی دەقەکە تێکدەدات و ناشیرینی دەکات و ئەو مانایە جوانەی لێدەسێنێتەوە کە خۆی دەیگەیەنێت، ئەم جۆرە کارانە زیاتر پێویستی بە چاوساغی و پێداچونەوە و جەخت کردنەوە هەیە.

لە کاتی وەرگێڕانی دەقێکی دوورودرێژدا، دەبێت دوور بکەوینەوە لە وەرگێڕانی وشە بە وشە و وەرگێڕانی ئازاد خۆمان بپارێزین، بەڵکوو وەرگێڕانی ڕستە بە ڕستە بکەین، چونکوو ئەو کاتە نە وەرگێڕانێکی سەیر بەدەستەوە دەدەین و نە پەیامێک دەقرتێنرێت. لەو دۆخەشدا دەبێ واتا وەربگێڕیتەوە، نەک وشە بە وشە.

بۆ وەرگێڕان لە نێوان دوو زماندا، تەنیا زانینی وشە بەو دوو زمانە بەس نییە، دەبێ هەستی وەرگێڕان لە گیانتدا هەبێت و بە ڕاهێنانی زیاتر خۆت زاناتر بکەیت. هەروەها دەبێت لەو بابەتەی کە وەرگێرانی بۆ دەکەیت شارەزاییت هەبێت .

لەبارەی جیاوازی نێوان وەرگێڕی ئاسایی و وەرگێڕی یاسایی لە رێگای وەزارەتی داد تاقیکردنەوە دەکەین بۆ ئەوەی ببین بە وەرگێڕی یاسایی و پێشوەخت دەبێت ئەزموونی کاری وەرگێڕانمان ھەبێت و ئەوە بسەلمێنین بۆ وەزارەتی داد و پێویستە ئەو وەرگێڕە پێشووتر کاری گرنگیی کردبێت، ئەو کات ناسنامەی وەرگێڕی پێ دەدرێت و دەتوانین بەشداربین لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا .

رۆژی ٣٠ی ئەیلوولی هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانی وەرگێڕانە و لە بەشێک لە وڵاتان ئەم یادە دەکرێتەوە و بەهۆی نەبوونی کۆمەڵە و سەندیکای تایبەت بە کەسانی وەرگێڕان لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا ئەو یادە نەکراوەتەوە و وەرگێڕەکانیش ئاماژە بە نەبوونی سەندیکایەک دەدەن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە شانبەشانی( مامۆستایان-پزیشکان-ئەندازیاران-ژمێریاران-پاريزەران-ڕۆژنامەنوسان) سەندیکایەک یاخود کۆمەڵەیەک تایبەت بە وەرگێڕەکان دابمەزرێنێت بە مەبەستی داواکردنی پەیام ومافەکانیان و چارەسەرکردنی کەموکوڕیەکانیان .
ئەم سەندیکایە دەبێتە پردێک لەنێوان وەرگێڕەکان و حکومەت یاخود لایەنی پەیوەندیدار بە مەبەستی گەیاندنی داواکاری و ناڕەزایەتیەکان بۆ لایەنی پەیوەندیدار .
بەم هۆیەوە سەندیکا دەبێتە دیوێکی گرنگ بۆ وەرگێڕەکان و باشتر کردنی کوالێتی وەرگێڕان بە بەکارهێنانی زاراوەی ستاندارد و سەردەمیانە کە ئەمەش چێژ دەبەخشێت بە وەرگێڕ و دەقەکانی دەوڵەمەند دەکات بە ووشەی نوێ و مانادار .
هەبوونی سەندیکا گرنگە چونکە گرنگی دەدات بە کاروباری وەرگێڕەکان و ئاگادار دەبێت لە هەبوونی هەر کەموکوڕی و کێشەیەک بەم هۆیەوە وەرگێڕەکان دەتوانن لەڕێگەی سەندیکای تایبەت بەخۆیانەوە داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بکەن .
ئامانجی وەرگێڕەکان لە کردنەوەی سەندیکای تایبەت بەخۆیان کارکردن شانبەشانی یەکتر و بە ئامانجی هاوبەش بۆ بەرەوپێشبردنی بنەماکانی وەرگێڕان و پیشەی وەرگێڕە، هەروەها بوون بە ئەندام بوون لە سەندیکا هۆکارێکە بۆ سەرکەوتنی زیاتر بۆ وەرگێڕ ئەمەش لەکاتێکدا دەکرێت کە ساڵانە کۆنگرە ببەسترێت .
ئەمڕۆ بەهۆی نەبوونی سەندیکا و کۆمەڵە تایبەت بە وەرگێڕەکان زۆربەی وەرگێڕەکان کە شارەزایی و کارامەیی زۆریان هەیە بزرن و بێ بەش بوونە لە نیشاندانی توانا شاراوەکانیان .

پێویستە وەرگێرانیش پێگەیەکی وەکو دەزگای فەرمیی وەرگرێت بۆ ئەوەی وەرگێڕ بتوانێت کەموڕییەکانی لەمو دامودەزگایە چارەسەر بکات، پێویستە کۆمەڵە یان سەندیکایەک ھەبێت بۆ وەرگێڕەکان ئەوا لە جێگای خۆیەتی و زۆرترین کێشەکانی چارەسەر دەبێت".

Top