لە ئاستەنگەكان خۆمان دەدۆزینەوە
(ئیلبەرت ئەنشتاین)زانای فیزیایی ئەڵمانی بەناوبانگ دەڵێ " ژیان وەكو هاژووتنی پاكسیل وایە پێویستە بۆ پێشەوە بڕۆی بێ ئەوەی هاوسەنگی خۆت لە دەست بدەیت ".
گومانی تێدانییە ژیانی هەر تاكێكی كۆمەڵگە پڕیەتی لە هەوارز و نشێو هەڵكشان و داكشان و قورسایی و ئاسانی و دڵ تەنگی و دڵخۆشی ژیان بە هەموو ئەوانە خۆشە و مانادارە و بە سوودە تایبەت هەوراز و سەختی و ئاستەنگی ژیان فێری كۆمەڵێ كارامەیی بە سوودمان دەكات كە قازانجی بۆ ژیانی داهاتوومان دەبێت، وە تام و چێژ و ئارامی و دانایی تێدا بەرجەستە دەبێت، ژیانی قورسی و سەختی فێرمان دەكات كە بەهێزبوون لە دووركەوتنەوە و هەڵاتن نییە لە كێشەو ئاستەنگەكان، بەڵكو لە بەر پەرچدانەوە و رووبەڕووبوونەوە دایە بە هەموو وورە و ئازایەتیەك، چونكە لە نەبوونی سەختی و ئاستەنگی هەست بە جوانی سەركەوتن و رووبەڕووبوونەوەكان ناكەین و ناتوانین وەك پێویست گەشە بكەین و فێرببین و خۆڕاگر بین. لە بیرمان نەچێت لە ژیانی سەختی و دژواریدا فێری ئارامی و هەوڵدان و هیوا بوون دەبین و هەرگیز نابێ خۆمان بەدەستەوە بدەین و مات و كز و مەلوول و دەستەوەستان بەرامبەر گرفت و ئاستەنگەكان دۆش داماو بین،پێویستە فێربین چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ سەختیەكان دەكەین. جارێك كچێك گلەیی لای باوكی كرد و لە سەر سەختی و دژواری ژیان و گوتی" باوكە نازانم چی بكەم لە بەر زۆری كێشەو سەختی ژیان و چۆن رووبەڕوویان ببمەوە، بێزار بووم لە بەرگری كردن و زەحمەتی و خەریكە خۆم بەدەستەوە بدەم و، چونكە كێشەیەك چارەسەر دەكەم یەكێكی ترم بۆ دروست دەبێت، نازانم چی بكەم، باوكی دەستی كچەكەی گرت و بردیە چێشتخانە و سێ قاپی پڕ ئاو كردو هەر سێكیانی خستە سەر ئاگر و ئاوەكانی كوڵاند و گەرم بوون، باوكەكە پارچەیەك گێزەری خستە ناو قاپی یەكەم و هێلكەیەكی خستە ناو قاپی دووەم و هەندێك قاوەی هاڕاوی خستە ناو قاپی سێیەم، بەبێ دەنگی چاوەڕێی دەكرد و تا زیاتر ئاوەكە دەكوڵاو گەرمتر دەبوون، كچەكە ئارامی نەماو دوو دڵ و داماو بوو نەیدەزانی باوكی چی دەكات، دواتر باوكەكە ئاگرەكانی كوژاندەوە و گێزەرەكەی دەركرد و خستیە ناو قاپێكی تر و بەهەمان شێوە هێلكەكەی دەركرد لە ئاوە گەرمەكە و خستیە ناو قاپێكی تر و قاوەكەشی خستە ناو قاپێكی تر، تەماشای كچەكەی كرد و گوتی" چی دەبینی؟ وەڵامی دایەوە گێزەر و هێلكە و قاوە دەبینم، پێی گوت دەست لە گێزەرەكە بدە و دیتی پێ گەیشتووە و نەرم و شل و خاو بۆتەوە، دواتر داوای لێكرد پەڵكی هێلكەكە لێ بكاتەوە بینی ناوەوەی هێلكەکە توند و پتەوە دواتریش گوتی تامێكی قاوەكە بكە. كچەكە زەردەخەنەیەكی كرد و پرسی بابە ئەوە مانای چیە؟ گوتی كچم فێربە ئەوانە هەر سێكیان گێزەر و هێلكە و قاوە یەك جۆر كێشە و دووژمنیان هەبوو كە ئەویش ئاوی گەرم بوو، بەڵام هەر یەكێكیان بە جۆرێكی جیاواز رووبەڕووی دووژمن و كێشەكەیان بوونەوە. گێزەرەكە كە بەهێز و پتەو بوو كە رووبەڕووی ئاوە گەرمەكە بوەوە خاو و نەرم و شل بۆوە بەرگەی نەگرت، بەڵام هێلكەكە كە بەرگی دەرەوەی پارێزگاری لە شلی ناوەوەی دەكرد بینیت ناوەوەی وەك جاران شل نەماوە و لە رووبەڕووبوونەوەی ئاوە گەرمەکە توند و پتەوبوو، بەڵام قاوەی هاڕاو كاردانەوەكەی دانسقە و نایاب بوو توانی ئاوە گەرمەكە بگۆرێ و تامی خۆش بكات. پێم بڵێ ئەی دەربارەی تۆ؟ ئایا وەكو گێزەرەكە دەبی كە بەهێز و پتەوبوو، بەڵام كە رووبەڕووی ئێش و ئازار و ئاستەنگی و سەختی بوویەوە نەرم و شل و خاو دەبیەوە هێز و توانای خۆت لە دەست دەدەیت، یانیش وەكو هێلكەكە دڵێكی نەرم خاوی هەبوو لە كاتی رووبەڕووبوونەوەی كێشەكە و ئاستەنگەكان بەهێز و پتەودەبی ڕوخساری دەرەوەت وەكو خۆی دەمێنێـت، بەڵام لە ناخەوە لە ناوەوە بەدلێكی توند و پڕ و تەژی لە تاڵی و ناخۆشی. یانیش وەكو قاوە هاڕاوەكە دەتوانی ئاوە گەرمەكە بگۆڕی( كە سەرچاوەی خەم و خەفت و ئێش و ژان) بوو، تابتوانین تام و چێژی خۆشتر و باشتر ببەخشی. ئەگەر وەكو قاوەكەی ئەوا دەتوانی هەموو شتەكانی چواردەورت باشتر و جوانتر و پڕ چێژتر بكەی، بۆیە دەبێ بزانین چۆن هەڵسوكەوت و ڕەفتار لەگەڵ ئاستەنگەكان دەكەیت، لە بیرمان نەچێت لە كاتی ئاستەنگەكان خۆمان دەدۆزینەوە ژیانی بێ ئاستەنگ ژیانێكی زیندوو نییە وەك مردوو وایە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی