پێویستە یاریزانەكانمان زیاتر هاوكار بكرێن

پێویستە یاریزانەكانمان زیاتر هاوكار بكرێن

شەهلا ئەسكندەر ڕاهێنەری تایكواندۆ

پێویستە یاریزانەكانمان زیاتر هاوكار بكرێن
پارێزگای سلێمانی یەكێك لەم شارانەی كوردستان كە بەردەوام چەندین ڕاهێنەری بەتوانای لە یارییە جۆراوجۆرەكان بوونیان هەیە و خزمەتی بەردەوامی وەرزشیە تاكەكان دەكەن، یاری تایكواندۆ یەكێك لەم یارییانەی كە هونەری شەڕكردن و بەرگریكردنە ئەم شارە لە ئێستادا لە چەندین یانە و هۆڵە وەرزشیەكان یاریزانان ڕوو لەم یارییە دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە خۆیان بكەن لە ڕێگەی ئەم وەرزشە، یەكێك لە ئافرەتە وەرزشەكارەكانی شارەكەش كچە ڕاهێنەری كوردستان شەهلا ئەسكندەر-ە ، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی ڕابردوو كە ناوبراو كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە ووڵاتی ئێران، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1986 و ئێستاش بەردەوامە وەكو ڕاهێنەر لە هۆڵی (mcomplex) لە شاری سلێمانی، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* لە ئێستادا ئاستی یاری تایكواندۆ چۆن دەبینی بە شێوەیەكی گشتی؟
- سوپاس بۆ خوا ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان زۆر باشترە لە عێراق، یاریزانانی كوردستان بە تایبەت كچەكانمان هەمیشە پلەكانی پێشەوە بەدەست دەهێنن، كوڕەكانیش بەهەمان شێوە باشترین یاری ئەنجام دەدەن، یاریزانەكان كێبڕكێ بەهێز دەكەن لەسەر ئاستی عێراق.
*بەرێوەنەچوونی پاڵەوانێتیەكان تا چەند كاریگەری لە سەر ئاستی یاریزانان دەبێت؟
- هەموو یارییەك پێویستی بە دووبارە بوونەوە هەیە، تا یارییەكان زیاتر بن، ئاستی فیكری یاریزانەكە زیاتر تاقیدەكرێتەوە، دەتوانیت لە یاریزانەكانی بەرامبەری زیاتر شتی نوێ فێر بێت و زیاتر لە هەڵەكانی تێبگات.
*چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان بچێتە قۆناغێكی باشتر؟
- پێویستە یاریزانەكانمان زیاتر هاوكارى بكرێن، یاری تایكواندۆ زیاتر وەك یاری تۆپی پێی وەربگیرێت، لە ئێستادا یاریزانی كورد ئەحمەد جەبار لە پارا ئۆڵۆمپی تایكواندۆ بەشدار دەبێت، كە شانازییەكی گەورەیە بۆ كوردستان، ئەگەر گرنگی زیاتر بەم یارییە بدرێت بەدڵنیاییەوە دەتوانین لە چوار ساڵی داهاتوو یاریزانی بنێرین بۆ ئۆڵۆمپیاد.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
-ئێمە هاوكار نین، تەنها هیوادارم هاوكارییەكی جدیی بۆ ئەم یارییە بكرێت.
*چ هەستێكت هەیە دوو كار لە یەك كاتدا ئەنجام دەدەی هونەری شەڕ كردن و وەرزش ؟
- تایكواندۆ خۆی هونەرێكی وەرزشییە لەگەل َ بەرگریكردن لە خۆت، كاتێك دەچیتە ناو دونیای تایكواندۆ مەحاڵە ئەم وەرزە و ئەم هونەرە جوانە لێت دوور بخەینەوە، خۆم 24 ساڵە ئەم هونەرە جوانە دەكەم هەستێكی وەسف نەكراوی هەیە، هەمیشە پڕە لە ئارامییەكی تایبەت لە ناوەوە.
* بەنیازی چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێك؟
- وەك تاكە ژنە ڕاهێنەری تایكواندۆ لە كوردستان، حەزدەكەم هانی زیاتری كچان بدەم كە بەشداری ئەم هونەرە جوانە بكەن، بۆ ئەوەی بتوانێت لە داهاتوودا كچانێكی زۆر پەروەردە بكەین، بۆ ئەوەی مامۆستای گەنجی جوان و ئەخلاقی هەێت لەم هونەرە جوانەدا.
*بڕیارت نەداوە قوتابخانەیەكی گەورە بۆ ئەم یارییە لە شاری سلێمانی بكەیتەوە؟
- بەڵێ ئەمە خەونێكی گەورە بۆ هەموو خۆشەویستانی تایكواندۆ لە شارەكەماندا كە قوتابخانەیەكی تایكواندۆمان هەبێـ و بتوانین تایكواندۆ بخوێنم من لەوانی تر كەمتر نیم، بەڵام ئێوە باشتر دەزانن ئەم كارە سەرمایەیەكی زۆری دەوێت و بەداخەوە ناتوانین ئەمە بكەین.هیواخوازم وەكو ڕاهێنەری تیپی كچانی سلێمانی بم بۆ پاڵەوانێتیەكان.
*داواكاری و پێش نیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
- هیوادارم گرنگی زیاتر بەم یارییە بدرێت، چونكە یاریزانانی كوردستان پێویستیان بە هاوكاری دارایی جددی هەیە، ئێمە لەم یارییە ئەستێرەی گەورە هەیە لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی و ڕاهێنەری بەتوانامان هەیە، بەهیوای ئەوەی زیاتر گرنگیان پێ بدرێت.
*خەونی وەرزشین چیە وەكو ڕاهێنەر ؟
-هەمیشە خەونی من ئەوە بووە كە وەك ڕاهێنەرێك لەم وەرزشە سەیر بكرێم، سوپاس بۆ خوای گەورە و مامۆستا بەختیار حوسێن خەونەكەمی بەدیهێنا، سوپاسی ڕاهێنەرەكانم دەكەم كە هاوكاری زۆر باش بووینە.
*بەهیوای ئەوە نیت هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانەكانی بیت؟
-بەلێ هەموو یاریزانان هیواخوازی ئەوە ڕۆژەن كە لەگەڵ هەڵبژاردەی كوردستان بەشدار بن، زۆریش حەز دەكەم ئەگەر ئەم دەرفەتەم بۆ ڕەخسا.
*باشترین ئەنجامەكانت؟
- وەكو كچە كوردێی كوردستان لە ئێران دەستم بە مەشق و ڕاهێنان كرد، چونكە خانەوادەكەم بەهۆی شۆرشی 1974 ئاوارەی ئێران بوون و ئەنجامی زۆر باشم هەبووە ، بۆ هەڵبژاردەی میللی هەڵبژێردرام، بەڵام نەمتوانی بەشداربم، چونكە من نەتەوەی ئێرانی نەبووم.
*بەچ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت ؟
- لە هونەری وەرزشیمدا باشترین یاریزان كە بینیم (بەهارە غەنی زادە) بوو كە مامۆستام بوو توانی ڕاهێنانم پێ بكات لەگەڵ یاریزانی جیهانی(هادی ساعی) هەموو جیهان سەرسامە بەم یاریزانە.
* گرێبەستت پێشكەش كراوە لە یانەكان؟
-نەخێر هیچ گرێبەستێكم پێشكەش نەكراوە، بەڵام هیوادارم یەكێك لە یانەكان وەكو ڕاهێنەر قبوڵم بكات.
*ئەگەرلە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان، كە دەنگی وەرزشوانان دەگەینن .

 

Top