ئیسرائیل لە ماوەی یەک هەفتەدا هێرشی کردە سەر ٥ قوتابخانە لە غەززە

ئیسرائیل لە ماوەی یەک هەفتەدا هێرشی کردە سەر ٥ قوتابخانە لە غەززە

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئیسرائیل تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر ٥ قوتابخانە لە غەززە.

بە گوتەی کاربەدەستانی فەلەستینی و پزیشکان و کارمەندانی فریاگوزاری، هێزەکانی ئیسرائیل لە ماوەی تەنیا هەشت ڕۆژدا هێرشیان کردووەتە سەر پێنج قوتابخانەی جیاواز لە غەززە و دەیان کەسیان کوشتووە کە پەنایان بۆ ئەو قوتابخانانە بردووە.

بەرگری شارستانی فەلەستین ڕایگەیاند، دوایین هێرشی ڕۆژی یەکشەممە بۆ سەر قوتابخانەی ئەبو عەریبانی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە لە کەمپی پەنابەرانی نوسرەت و بەهۆیەوە لانیکەم ١٧ کەس کوژراون و نزیکەی ٨٠ کەسی دیکەش برینداربوون. كە زۆربەی قوربانییەکان ژن و منداڵ بوون.

هانی مەحمود پەیامنێری کەناڵی جەزیرە لە نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەلئەقسا لە دێر بەلاحەوە ڕاپۆرت دەکات، کە لە ئەنجامی بەرکەوتنی بۆمبی سووتێنەر بە زەویدا ژن و منداڵ بەسەختی سووتاون کە لە ئازاردا هاواریان کردووە.

هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەند و قوتابخانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە ئەم سوپایە هیچ بایەخێک بە هۆشدارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نادات و بەردەوامە لە کوشتنی خەڵک لە غەززە.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئیسرائیل ناوچەی ئەلمەواسی بۆردومان کرد، کە وەک ناوچەیەکی ئارام دیاریکرابوو و بەهۆیەوە لانیکەم 90 کەس کوژران و 300 کەسی دیکەش برینداربوون.

حوسام زۆمڵۆت، باڵیۆزی فەلەستین لە بەریتانیا دوای هێرشی ئەم دواییەی بۆ سەر ئەو قوتابخانەیە، گوتی: هەموو ڕۆژێک لە هەموو شوێنێکی غەززە کۆمەڵکوژی ڕوودەدات. ئەمەش دەرئەنجامی پارێزبەندی و بێهەڵوێستی نێودەوڵەتی ئیسرائیلە”.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، ئیسرائیل زیاتر لە ٤٠٠ قوتابخانەی لە غەززە وێران کردووە، کە لە نێو ئەو شوێنانە پەنابەرانی فەلەستینی دەتوانن پەنایان بۆ ببەن، هەروەها لە سەدا ٨٨ی سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییەکان.

لەگەڵ تێکدانی سیستمی خوێندنی ئەم هەرێمە، ئومێدێکی ئەوتۆ بۆ ناونووسین بۆ نزیکەی 620 هەزارمنداڵ و هەرزەکار نییە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top