نەرویج ٦ فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ وەک "دیاری" دەداتە ئۆکرانیا
نەرویج ٦ فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ بەخشییە ئۆکرانیا.
ڕۆژنامەی "Verdans Gang" لە ئۆسلۆ ڕۆژی چوارشەممە بە گێڕانەوەی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کە بەشداری کۆبوونەوەی ناتۆ لە واشنتۆن دەکات، ڕایگەیاندووە، کە نەرویج شەش فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ دەبەخشێتە ئۆکرانیا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڤی جی، سەرۆک وەزیرانی نەرویج ڕایگەیاندووە، لە ساڵی 2024 دەست بە ڕادەستکردنی ئەو فڕۆکە جەنگییە دروستکراوانەی ئەمەریکا دەکرێت.
لە کاتێکدا سەرکردەکانی ناتۆ لە واشنتۆن بۆ یادی ٧٥ ساڵەی خۆیان کۆدەبنەوە، ئامانجیان زیادکردنی پشتیوانی بۆ ئۆکرانیایە لە نێوان پەرەسەندنی هێرشەکانی ڕووسیادا.
لەلایەکی دیکەوە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا سیستمێکی نوێی بەرگری ئاسمانی بۆ کیێڤ ڕاگەیاند و جەختی لەسەر یەکڕیزی لەدژی دەستدرێژییەکانی ڕووسیا کردەوە، هاوکات ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا داوای هاوکاری زیاتری کرد بۆ شکستپێهێنانی ڕووسیا.
گوڵان: سەردار خەلیل