کۆسپ و گرفت مرۆڤ بەهێزتر دەکات

کۆسپ و گرفت مرۆڤ بەهێزتر دەکات

 

(گۆتە) زانا و شاعیری ئەڵمانی دەڵێ" دەتوانی جوانیەك دروست بكەی هەتا لەو بەردانەی كە دەبنە كۆسپ لە سەر رێگا".
شكی تێدانییە سەركەوتن كارێكی ئاسان نییە، بەڵكو پێویستی بە كۆڵنەدان و بەردەوامی و هەوڵدان و مكوڕبوونی بەردەوام هەیە بۆ بە دیهێنانی ئامانجەكان هەرگیز نابێ بیر لە خۆ بەدەستەوەدان و دەستبەرداری خەون و ئاواتەكان بیت، گەیشتن بە ئامانج بێگومان ڕێگایەكی ڕاست و ڕەوان و بێ كێشە نییە و هەوراز ونشێوو سەختی زۆر دێنە پێش، بەڵام هەبوونی ئیرادە هەموو ڕێگا دوورەكان نزیك دەكاتەوە و سەختی و ئازارەكانیش دەبنە وانە و لێیانەوە فێر دەبین.
دەگێڕنەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان مندالێكی بچووك كە پۆڵی چوارەمی بنەڕەتی بوو لەگەڵ دایك و باوكی دەچێتە گوند بۆ سەردانی باپیرەی لە پشووی هاوین دا بە درێژایی كات لەگەڵ باپیرەی یاری دەكرد و، ڕۆژێك لە باپیرەی دەپرسی باپیرە فێرم بكە كە گەورە بووم چۆن ببمە كەسێکی سەركەوتوو، ڕێگاكانی سەركەوتنم فێر بكە و باپیرەشی بزەیەك دەكات و دەستی دەگرێت، لەگەڵ خۆی دەیباتە لای نەمامگەیەك دوو شەتلە نەمام دەكڕن و دەیهێننەوە ماڵەوە و یەك لە شەتلەكان لە ناو مەرەكانەیەك لە حەوشە دەیچینن ئەوەی تریش لە دەرەوەی ماڵەوە دەیچینن، لە نەوەكەی دەپرسێ كوڕم كام لەو دوو نەمامە زیاتر گەشە دەكەن و گەورە دەبن لە پاشە ڕۆژدا، نەوەكەی وەچانێك بیری كردەوە و دواتر گوتی " باپیرە ئەوەی ناو مەركانەكە لە حەوشەیە باشتر و زیاتر گەشە دەكات، چونكە پارێزراوترە لە هەموو مەترسییەك و لە ماڵەوەیە، ئەوەی دەرەوە رووبەڕووی تیشكی ڕۆژی زۆر گەرم دەبێتەوە لە هاوین و باو بۆران و باران و ڕەشەباو و سەرمای زۆر لە زستان و گیاندارەكانیش زیانی پێ دەگەیەنن، بۆیە ئەوەی دەرەوە زووتر و باشتر گەشە ناكات.
باپیرە پێكەنی و و گوتی با ببینین بزانین لە پاشە ڕۆژ چۆن دەبێت دواتر منداڵەكە لەگەڵ دایك و باوكی باپیرەیان جێ هێشت و گەڕانەوە ماڵی خۆیان.
دوای تێپەروونی چوار ساڵ گەڕانەوە سەردانی باپیرەیان كرد بۆ جارێكی تر منداڵەكە لە باپیرەی پرسی باپیرە جاری پێشوو پرسیم ڕێگاكانی سەركەوتنم فێر بكە و چۆن سەركەوتووبم هیچت پێ نەگووتم، بەڵام ئەوجارە دەبێ فێرم بكەی ، باپیرە پێكەنی و گوتی بێگومان بە دڵنیایی، بەڵام وەرە با سەرەتا تەماشای هەردوو نەمامەكە بكەین كە جاری پێشوو كڕیمان و چاندمان بە یەكەوە پێش چوار ساڵ ، دەستی منداڵەكەی گرت و بردیە لای نەمامی حەوشەكە كە لە مەركانێك چاندبوویان بینیان بۆتە درەخت و گەورە بووە دواتر باپیرە گوتی با سەیری نەمامەكەی دەرەوەش بكەین بینیان ئەویش بۆتە درەختێكی گەورە ترو لق و پۆپ و قەدی بڵاوبۆتەوە بە شێوەیەكی فراوان و سێبەری دروست كردووە، باپیرە تەماشای نەوەكەی كردوو و گوتی كامەیان زیاتر گەشەی كردووە و گەورە بووە و سەركەوتوو تر بووە، منداڵەكە گوتی ئەو نەمامەی لە دەرەوەمان چاند گەورەترە، بەڵام باپیرە چۆن دەبێت ئەو درەختانەی لە دەرەوەن زیاتر رووبەڕووی كێشەو گرفت دەبنەوە، باپیرە گوتی سەوداكردن و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گیروگرفتەكان و ئاستەنگ سوود و قازانجی زۆری هەیە و درەختی درەوە ئازادترن و ڕەگەكانیان زیاتر گەشە دەكات، هەر چەند رووبەڕووی گرفت و گەردەلوول ببنەوە وا دەكات ڕەگەكانی بەهێزتر دەبن و خۆیان قایمتر دەكەن و درەختێكی بەهێزتری لێ دروست دەبێت بە جۆرێک گەردەلوول و باو بۆرانی بچووك ناتوانێ‌ زیانی پێبگەیەنێ‌ و ناچەمێ و ناشكێ، بەڵكو زیاتر بەرگە دەگرێ و بەهێزتر دەبێ، بۆیە كوڕم ئەوەی ئێستا پێت دەڵێم هەرگیز لە یادی نەكەی و لە بیرت بێت كاتێك سەركەوتوو دەبی لە هەموو كاروبارەكانی ژیان ئەگەر بە ئاسودەیی بڕیاری هەڵبژاردەكانتدا و هەموو كاتێك ئامادەبووی رووبەڕووی ئەو جیهانە ببیەوە سەرباری هەموو مەترسییەكان و نابێ بترسی لە گرفت و كێشەو تەنگ و چەلەمە، ئەوەش بزانە هیچ ئامانجێك نییە بەدی نەیەت، بەڵكو دەتوانی هەموو ئامانجێكت بەدی بهێنێ و سەركەوتووبی بە مەرجێك نابێ بیر لە گیروگرفتەكان بكەیتەوە وەكو كۆسپ و تەگەرە، بەڵكو وەكو هەنگاوەكان بیان بینە بۆ گەیشتن بە سەركەوتن و بەدەست هێنانی ئامانجەكانت. منداڵەكە هەناسەیەكی قوڵی هەڵكێشا و تەماشای دارەكەی كردو لە وشەكانی باپیرەی تێگەیشت هەموو كۆسپ و ئاستەنگێك كە بە دووژمنی ژیانمان دایدەنێین وامان لێ دەكات بەهێزتر و خۆڕاگرتر و سەركەوتووتر بین لە ژیان، ژیانمان وەكو جەربەزەیی و سەركێشی وایە پڕیەتی لە خواری و خێچی و چەمانەوە و كۆسپ و تەگەرە زۆرجار وایە ڕێگامان دادەپۆشێ و دیار نامێنێ‌، بەڵام پێویستە هەمیشە كۆسپ و ئاستەنگەكان وەكو هەناسەدانێك ببینین و كە هەر كۆسپ و گرفتێك كە دێتە پێشمان بە هەڵی فێربوونی بزانین و لێیەوە گەشە بكەین و بەهێزتر بین و سوودیان لێ ببینین و ڕەنگ بداتەوە لە هەڵس و كەوت و ڕەفتار و كارامەییەكانمان و زیاتر سورمان بكات بۆ زاڵ بوون و سەركەوتن بە سەر هەموو شتێكی ژیانمان، چونكە هەمیشە ئەوانەی بە ژیانی سەخت و دژواری دا تێپەربوون كەسانی بەهێز و قایم و سەركەوتوو و خۆڕاگرترن.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top