مەسرور بارزانی و باڵوێزی فەرەنسا چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە 12/6/2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵوێزی نوێی فەرەنسا لە عێراق کرد.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دۆستانەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان.
باڵوێزی فەرەنسا خواست و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشتربردنی پەپوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.ئاماژەشی بەوەدا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا، شاندێکی کۆمپانیا فەرەنسییەکان بە مەبەستی برەودان بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و وەبەرهێنان ، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، جەخت لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا و بە بەشداری هەموو لایەن و پێکهاتەکان کرایەوە، کە پێویستە بە شێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە و متمانەپێکراو ئەنجام بدرێت.
چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.