مەسرور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان : بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم

مەسرور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان :  بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان بڵاو كردەوە و سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی نیشتمانپەروەری هەرێمی کوردستانی كرد کە هاوکار و یارمەتیدەر بوون لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەوە.

لە پەیامی سەرۆكی حكوومەتدا هاتووە: "بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم جەژن ببێتە مایەی خۆشی و شادی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان و کۆتاییهاتنی هەموو شەڕ و ناخۆشی و نەهامەتییەک لە جیهان."

هەروەها دەڵێ: "سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی نیشتمانپەروەری هەرێمی کوردستان دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بوون لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەی ڕووبەڕوومان بووەوە. هیوادارم ئەو ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروست بووە، بەردەوام بێت و لەمەودوا، بابەتی مووچە کە مافێکی ڕەوا و دەستووری خەڵکە ، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکی و ململانێیەکی سیاسی نەکرێت و فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەکی ئاسایی، لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکانیان وەربگرن."

سەرۆكی حكوومەت لە كۆتایی پەیامەكەیدا نووسیویەتی: "ئومێد دەکەین ئەم پێشکەوتن و هەنگاوانە، ببنە دەستپێکێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەش و هەموو ئەو گرفتانەی ماون بە لەیەکتێگەیشتن و پابەندبوون بە دەستووەرەوە، چارەسەر ببن. جەژنتان پیرۆز و خوای مەزن كوردستان بپارێزێت."

Top