نـێـچـیرڤــان بـــارزانـــی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پلاسخارت تێبینی لایەنەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ کرد

نـێـچـیرڤــان بـــارزانـــی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پلاسخارت تێبینی لایەنەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ کرد

نێچيرڤان بارزانى، ئەمڕۆ پێشوازیی له‌ نوێنه‌رى تايبه‌تی سكرتێرى گشتيى نەتەوە یەکگرتووەکان كرد، بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تاوتوێ کرد و تیشکیان خستە سەر تێبینیی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرۆسەکە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە "پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه، 3-4-2024) نيچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ جێنين پلاسخارت، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پرسى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانيان تاوتوێ كرد."

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر پێويستى و گرنگيى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى كوردستان، "هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ سه‌ر تێبينيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و هه‌وڵى هه‌مه‌لايه‌نه‌ بۆ لابردنى به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ و دڵنيابوون له‌ به‌شداريى هه‌موو لايه‌نه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردندا و له‌مبار‌يه‌وه‌ بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌."

كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوايين پێشهاته‌كانى گفتوگۆى هه‌ردوولا بۆ چاره‌سه‌ركردنيان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.


هەڵوێستی لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردن

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دوێنێ رایگەیاند، هەڵوێستیان نەگۆڕە و لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان لەو وادەیەی دیاریکراوە، کە 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵە.

راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەکاتیكدایە، پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی؛ بەو شێوەیەی دادگەی فیدراڵی و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریان لێداوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئەوان ئامادەنین بەشداری تێدا بکەن.

کاژێر 12:00ـی شەوی 31ـی ئاداری 2024، دوایین کات بوو بۆ پێشکێشکردنى ناوى بەربژێرانی لیست و هاوپەیمانەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەنەبوو لیستی بەربژێرەکانی پێشکێش بکات.

18ـی مانگی ئادار، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندبوو، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."

دوای بڕیارەکەی پارتی، هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.

رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان، ئەوەش یەکێکە لە نیگەرانییەکانی پارتی.

پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.

هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."

Top