گــــوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان: هەڵبژاردنیش دوابخرێت بەو مەرجانەی ئێستا بەشداری تێدا ناکەین
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت، بەم مەرج و رێوشوێنانەی ئێستا هەن، بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەن.
ئەمشەوی دووشەممە، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەزگایەكی میدیایی هەواڵێک بڵاوكراوەتەوە كە گوایە پارتی داوای دواخستنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بۆ كاتێكی تر كردووە بۆ ئەوەی بە هەمان مەرج و رێوشوێن و یاساکانی ئێستا، بەشداری لە هەڵبژاردن بکات. لێرەدا رایدەگەیێنین كە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و پارتی لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات".
دەشڵێت، "[پارتی] بە پێویستی دەزانێ هەموو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەكان لە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن و راست بكرێنەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد و دەستووری بەڕێوەبچێت و سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە مافی دەنگدانیان هەبێت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش دەستکاری نەکرێن".
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "دواخستنی هەڵبژاردن وەک بژاردەیەک لەگەڵ پارتی باس کراوە بۆ ئەوەی پارتی بەشداریی هەڵبژاردن بکات و لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە پارتی هەمیشە لە گەڵ هەڵبژاردنێکی دەستووری و شەفاف و بێگەردە و ئەگەر هەڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوابخرێت دەبێ ئەو راستكردنەوە دەستووری و یاسایی و تەکنیکیانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاک و بێگەرد پێویستن".
تاوەکو ئێستا بڕیارە لە 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریداوە بەشداری نەکات.
پارتی هۆی بەشدارینەکردنی بۆ بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگەی فیدراڵی و مامەڵەی حکومەتی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە.