نەتەوە یەکگرتووەکان: ١٦ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە سوریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە

نەتەوە یەکگرتووەکان: ١٦ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە سوریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە

 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 13 ملیۆن کەس لە سەرانسەری سوریا ڕووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە.

ئادەم عەبدولمولی، ڕێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا گوتی: 16.7 ملیۆن کەس لە سوریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە و لانیکەم 12.9 ملیۆن کەسیش لە سەرانسەری وڵاتدا بەدەست نائەمنی خۆراکییەوە دەناڵێنن.

ئادەم عەبدولمولی بە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە ١٣ ساڵ بەسەر دەستپێکی قەیرانی سوریادا تێپەڕیوە، گوتی: لەو کاتەوە پێداویستییەکانی گەلی سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد: 16.7 ملیۆن کەس لە سوریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە. ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٣دا ١٥.٣ ملیۆن و لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١٤.٦ ملیۆن بووە.

ناوبراو گوتیشی، کە زیاتر لە ٧ ملیۆن کەس لە ناوخۆی سوریا ئاوارەبوون، ئاماژەی بەوەدا کە نزیکەی هەمان ژمارەی خەڵک پەنایان بردووە بۆ دەرەوەی وڵات و  بە شێوەیەکی سەرەکی لە وڵاتانی دراوسێی تورکیا و ئوردن و لوبنان.

عەبدولمولی گوتی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازێکی هاوکاری بە بڕی 4.07 ملیار دۆلاری دەستپێکرد بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو 10.8 ملیۆن کەس لە سوریا كە پێویستیان بە هاوکارییە بۆ ساڵی 2024، بەڵام تا 1ی ئازار تەنها 0.02%ی ئەو هاوکارییە دابینکراوە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top