پــێـــویــســتـــە حـــزبـــەكـــان و لایــەنـــە سیاسییەكان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا تەوبە بكەن

پــێـــویــســتـــە حـــزبـــەكـــان و لایــەنـــە سیاسییەكان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا تەوبە بكەن

 

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە هەموو موسڵمانانی جیهان و بەتایبەتی موسڵمانانی كورد پیرۆز دەكەم. مانگی پیرۆزی ڕەمەزان مانگی خێر و بەرەكەت و جێبەجێكردنی ڕوكنێكی گەورەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، كە ساڵی یەك جارە و ئەركی سەرشانی موسڵمانانە پێشوازییەكی گەرم لەم مانگە بكەن و فەرزە لەسەر موسڵمانان لەم مانگەدا بەڕۆژوو بن. ئەم واجبی بەڕۆژووبوونەی موسڵمانان لەم مانگەدا لە ساڵی دووەمی كۆچی پێغەمبەر بووە (سەلامی خوای لەسەر بێت) كە خوای گەورە لەسەر ئوممەتی ئیسلامی واجب كردووە. پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) نۆ ساڵ بەڕۆژوو بووە، پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات، بۆیە خودای گەورەو میهرەبان بە دەقی قورئان لەم مانگەدا ڕۆژووبوونی فەرز كردووە لەسەر موسڵمانان و لە (سورەتی البقرە 183- دەفەرموێت: يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَي الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ... ، هەر لەو ئایەتە پیرۆزەی قورئاندا خودای گەورە دەفەرموێت: شَهْرُ رِمَضَانَ الَّذِي أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًي لِّلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِّنَ الْهُدَيٰ وَالْفُرْقَانِ  فَمَن شَهِدَ مِنكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ. موسڵمانان لەم مانگەدا بەڕۆژوو دەبن و زیاتر ڕوو لە عیبادەت و نزا و دوعا دەكەن و لە خودا زیاتر نزیك دەبنەوە. لەم مانگەدا وێڕای لایەنە ئایینی و خوداپەرستییەكانی، بەڕۆژووبوون زۆر گرنگە و واتایەكی بەرزی مرۆڤایەتی و ڕێزگرتن لە یەكتری تێدایە. لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا موسڵمانان بە خۆیاندا دەچنەوە و تۆبە دەكەن و ئەوەش فێری ئارامی و ئاسوودەیی دەروون و ڕەفتاری جوان و شیرینمان دەكات. بۆیە ئەركی سەرشانی موسڵمانانە لەم مانگەدا ئاگاداری قسە و ڕەفتار و كراریان بن و بە دەروونێكی ئاسوودەوە خوداپەرستی بكەن.

مانگی پیرۆزی ڕەمەزان فێری خۆڕاگری و برسێتی و ئاگاداربوون لە هەژاران و لێقەوماوانمان دەكات، چونكە 11 مانگی ساڵ مرۆڤەكان لە خۆشی و نیعمەتی خودای گەورە و خواردن و گەڕان و گەشت و ئاهەنگدان، لەم مانگە پیرۆزەدا خودای گەورە و میهرەبان مرۆڤەكان فێری خۆڕاگری و ئاگاداربوون لە هەژاران دەكات و، فێری ئەوەیان دەكات ئاگاداری ئازار و مەینەتییەكانی ئەوانی دیكە بن. دەوڵەمەند و هەژار پێكەوە بەڕۆژوو دەبن و دەوڵەمەندەكان هەژارەكان بەسەر دەكەنەوە و هەژار و دەوڵەمەند لە یەكتر نزیك دەبنەوە، سۆز و خۆشەویستی لە نێوانیاندا دروست دەبێت.

خودای گەورە لەم مانگەدا فەرزی كردووە لەسەر موسڵمانان زەكات و سەرفیترە بدەن و خێری زیاتر بكەن و هەژاران و نەخۆش و لێقەوماوەكان بەسەر بكەنەوە، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە گرانی و هەژاری و بڕین و دواكەوتنی مووچە كاریگەریی خراپی لەسەر موسڵمانانی كورد و كوردستانییان داناوە. لە ڕووی تەندروستییشەوە لەش و تەندروستی و دەروونی موسڵمانان باشتر دەبێت. پێغەمبەرمان (سەلامی خودای لەسەر بێت) دەفەرموێت: (صوموا تصحوا)، لە قورئانی پیرۆزیشدا هاتووە: (وَأَن تَصُومُوا خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ)، ئەمەش لە زانستی پزیشكیدا سەلمێندراوە كە مانگی ڕەمەزان زۆر بەسوود و بەكەڵكە.

موسڵمان وێڕای ئەوەی فەرزە لەسەری ڕێز لە بەرانبەر بگرێت و بۆ مرۆڤایەتی، خێروخۆشی بوێت، لەم مانگەدا زیاتر ئەو ئەركەی دەكەوێتە سەرشان بەوەی ئاگاداری كاروكاسبیی خۆی بێت و گرانی دروست نەكات و ویژدانیان ببێتە سەنگی مەحەك بۆ موسڵمانێتی. یارمەتیدانی هەژاران و كەمدەرامەت خێرێكی گەورەیە و ئەجر و سەوابی لای خودای گەورە و میهرەبانە و هەرگیز بە پێدانی زەكات و خێر و سەدەقە ماڵی موسڵمان كەم نابێتەوە، بەپێچەوانەوە بە دەقی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەرمان (سەلامی خوای لەسەر بێت) ماڵی موسڵمانان زیاتر دەبێت و لە بەڵا و ئازارەكانی ژیان دەیپارێزێت. پێغەمبەرمان دەفەرموێت: «گەورەترین چاكە ئەو چاكەیەیە كە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەكرێت، بۆیە (انشاالله) موسڵمانان لەم مانگەدا بە گەورە و بچووك و پیا و ئافرەت و بە هەموو چین و توێژەكانەوە بە سیاسییەكان و پیاوانی دەوڵەتەوە، پێویستە موراجەعەی خۆیان بكەنەوە و باشەكانیان زیاتر بكەن و كەموكورتی و هەڵەكانیان كۆتایی پێ بهێنن و تەوبە بكەن، گەردنئازایی و ئاشتەوایی لەم مانگە پیرۆزەدا واجبە، بەتایبەتی لە نێوان سیاسی و حزبەكاندا كە پێویستە دەستبەرداری زمانی زبر و یەكتر ناشیرینركردن و ناوزاڕندن بن، ئەمە نەك تەنیا لە مانگی ڕەمەزان، بەڵكو ئەم مانگە بكەنە نەریت و كلتوورێك بۆ ئەوەی چیتر ئەوەندە ناكۆك و ناتەبا نەبن، خەڵك ماندوو بووە لەو هەڵسوكەوت و ڕەفتارانە، ئەگەرچی تەوبە وشەیەكی ئایینییە، بەڵام پێویستە حزبەكان و هەموو لایەنە سیاسییەكان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا تەوبە بكەن، لەو ناكۆكی و ناتەبایی و ململانێیەی زیانی بە هەمووان گەیاندووە و، دوژمنی بەسەردا زاڵ كردووین و خزمەتی نەیارانی كوردی كردووە. ئەمە گوناهێكی زۆر گەورەیە، پێویستە ڕەمەزان بكەینە مەوسمێك چۆن مرۆڤ لەم مانگەدا تەوبە دەكات و لێی قبووڵە، ئەوانیش لە ڕوانگەی دینەوە پێیان دەڵێن: تەوبە بكەن لەو شێوازەی ناكۆكییە و یەكتری برینداركردنە كە خزمەتی نە بەخۆیان و نە بە میللەت گەیاندووە و لای خودای گەورەو میهرەبان گوناهێكی زۆر گەورەیشە.

 

 

 

Top