ئۆکرانیا: لە هێرشی مووشەکی ڕووسیا بۆ سەر ئۆدێسا 14 کەس كوژران

ئۆکرانیا: لە هێرشی مووشەکی ڕووسیا بۆ سەر ئۆدێسا 14 کەس كوژران

 

 

 

ئۆکرانیا ڕایگەیاند: لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ناوچەی ئۆدێسا ١٤ کەس کوژراون و ٤٦ کەسیش برینداربوون.

ئۆلێگ کیپەر، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی ناوچەی ئۆدێسا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆیدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ڕووسیا هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر شاری ئۆدێسا، لە ئەنجامدا ١٤ کەس کوژران و ٤٦ کەسیش برینداربوون.

کیپەر ئاماژەی بەوەشکردووە: پزیشکێکی فریاگوزاری و ئەندامێکی تیمی گەڕان و فریاگوزاری لەنێو کوژراوەکاندان.

ئاماژەی بەوەشکرد: سبەی لە ئۆدێسا ماتەمینی نیشتمانی بۆ ئەو کەسانە ڕاگەیەندراوە کە لەم هێرشەی ڕووسیادا گیانیان لەدەستداوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ئەندری یەرماک، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، لە بەیاننامەیەکدا لە هەژماری بەکارهێنەری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ڕایگەیاند: تیرۆرکردنی ڕووسیا لە ئۆدێسا نیشانەی لاوازی دوژمنە، کە شەڕ ڵەگەڵ هاووڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا دەکات ، لە کاتێکدا ناتوانێت سەلامەتی خەڵکی ناو خاکەکە مسۆگەر بکات."

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top