هێشوو دارا سەلیم بەرپرسی ئەنجومەنی دەوروبەری سلێمانی/ یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان: دۆخی ئافرەتان بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام چاوەڕوانییەكان زیاترن

هێشوو دارا سەلیم  بەرپرسی ئەنجومەنی دەوروبەری سلێمانی/ یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان:  دۆخی ئافرەتان بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام چاوەڕوانییەكان زیاترن

 

 

هێشوو دارا سەلیم بەرپرسی ئەنجومەنی دەوروبەری سلێمانی - یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە دۆخی خانمانی كوردستان دەكات و جەخت لەو دەكاتەوە كە لە دوای دەرچوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەوە تا ئاستێكی زۆر هەنگاوەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی چوونەتە پێشەوە و بەشێكی زۆری ئەم هەنگاوانە ئەنجامی باشیان بووە، بەو ئاراستەیەی كە توانیویانە تا ڕاددەیەك توندوتیژییەكان كەم بكەنەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

* لە ئێستادا دۆخی خانمانی كوردستان لە چ ئاستێكدا دەبینیت؟ ئایا تا چەند خانمان توانیویانە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم خۆیان بگونجێنن و لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا تا چەند ماندوو و شەكەتن؟

- بە شێوەیەكی گشتی دۆخی خانمان لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بە سەرداهاتووە و ئێستا جیاوازترە لە ڕابردوو، بەڵام لە ڕاستیدا گۆڕانكارییەكان هێشتا لە ئاستی خواستی چالاكان وخودی ئافرەتانیشدا نین. بەراورد بە ڕابردوو هەم لە بواری یاسایی و هەم لە بواری كۆمەڵایەتی و هەمیش لە بواری پێگەی ئافرەت لە دامودەزگا و دامەزراوەكانی حكومەت و ڕێكخراوەكان و حزبە سیاسییەكانیش بەرەوپێشچوون هەیە. ئەگەر تەماشا بكەین لە سەرەتای دروستبوونی هەرێمی كوردستانەوە هەتا ساڵی 2005 بەشداریی ئافرەت لە پێگە سیاسییەكان و لە جومگە بنەڕەتییەكانی وڵات و شێوەیەكی گشتی لە سیاسەت و لە كۆمەڵگەی مەدەنیشدا بەو ئاستە نەبوو كە ئێستا هەیە، چونكە ئێستا پێگەكە باشترە و بەشدارییەكە زۆرتر و جیاوازییەكە زیاترە. بۆیە ئافرەتان هەوڵ و خەباتیان بەپێی سەردەم و دۆخەكە گەشەی كردووە وكاریان كردووە بۆ ئەوەی سوود لە گشت دەرفەتێك وەربگرن بۆ چەسپاندنی مافەكانیان. ئەوەتا هەر دوای چەسپاندنی كۆتای ئافرەت لە پەرلەمانی عێراقدا، خێرا لە هەریمی كوردستانیش هەوڵی چەسپاندنی بابەتەكە دەدرێت، لەناو حزبەكانیش ڕێژە بۆ ئافرەتان دادەنرێت لە پێگەكانی سەركردایەتی و بڕیارداندا، ڕێكخراوەكانیش دەرفەتی باشتریان بۆ دێتە پێشەوە بۆ كاركردن و خۆبەهێزكردن.

* هەموارنەكردنەوەی یاسای توندوتیژیی خێزانی دۆخی ئافرەتانی بە كوێ گەیاندووە و تا چەند هاوكێشەكانی ئاڵۆز كردووە؟

- سەبارەت بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، لە ڕووی ڕێژەی توندوتیژی بەرانبەر بە ئافرەتان گۆڕانكاری ڕووی داوە و لە دوای دەرچوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەوە تا ئاستێكی زۆر هەنگاوەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی چوونەتە پێشەوە و بەشێكی زۆری ئەم هەنگاوانە ئەنجامی باشیان بووە، بەو ئاراستەیەی كە توانیویانە تا ڕاددەیەك توندوتیژییەكان كەم بكەنەوە. بەشیكی دیكەی دەستكەوتەكانی ئەم یاسایە ئەوەیە كە توانراوە توندوتیژی لە بابەتێكی تاكە كەسی و شەخسییەوە بكرێت بە بابەتێكی گشتی و ڕای گشتی لەسەر دروست ببێت و، بێتە دەنگ و وابكرێت كە پشتیوانی لە ئاستێكی باشی كۆمەڵگە بۆ قوربانییەكانی توندوتیژی دروست بكرێت، كە ئێستا ئەوە خۆشبەختانە تا ڕاددەیەكی باش بوونی هەیە، ئەگەرچی لە ئاستی پێویست نییە و هێشتا خواستی ئافرەتان و ڕێكخراوەكان ئەوەیە كە ئەمە زیاتر ببێت و توندوتیژكاران وەك تاوانباری كۆمەڵایەتی و كەسانی لادەر تەماشا بكرێن. كەواتە دەتوانین بڵێین دۆخی ئافرەتان بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام بەرەوپێشچوونەكە خێرا و هەمەلایەنە نەبووە و چاوەڕوانییەكان زیاترن. بۆیە هەوڵەكانی هەمواركردنەوەی یاساكە لەجێی خۆیدا بوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو ململانێ سیاسییانەی هاتنە ئاراوە هەمواركردنەوەی ئەم یاسایەش ڕووی نەدا، كە دەكرا توندكردنی سزاكان و پڕكردنەوەی كەلێنەكان دۆخێكی باشتر بۆ ئافرەتان بهێننە كایەوە و یاساكە دوای هەمواركردنەوەی پارێزەرێكی باشتری تاكەكانی خێزان بێت.

* هۆكاری بەردەوامیی توندوتیژی بەرانبەر بە ئافرتان و كوشتنیان بە پاساوی جیا جیا بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟

- هۆكارەكانی بەردەوامیی توندوتیژیەكان لە كۆمەڵگە جیاوازەكاندا هۆكاری جیاوازیان هەیە. سەبارەت بە هەرێمی كوردستان هۆكارەكانی بەردەوامیی توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان چەندین فاكتەری هەیە، یەكێك لەوانە ئاستی گەشە و كرانەوەی كۆمەڵایەتییە، كە كۆمەڵگەی كوردستانی كۆمەڵگەیەكی داخراوە و پابەندە بە دابونەریتەكانەوە. بێگومان هەموو دابونەریتەكان خراپ نین، بەڵام چەندین دابونەریتی دواكەوتوو هەن كە ڕێگرن لەبەردەم مافەكانی ئافرەتان و یەكسانیی كۆمەڵایەتیدا كە وادەكەن بە چاوی كەمترەوە لە ئافرەت و تواناكانی بڕوانن. یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی بەردەوامیی توندوتیژی دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاریی خودی ئافرەتان، هەتا ئافرەتان هۆشیارتر بن بەرانبەر مافەكانیان باشتر دەتوانن بەرگری لە مافەكانیان بكەن، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت، بەشێك لە ئافرەتان بەرانبەر مافەكانی خۆیان خەمساردن و تەنانەت بە چاوێكی كەم تەماشای ئەو ئافرەتانەش دەكەن كە بەرگرییان لێ دەكەن، جا ئەمە ئالنگارییەكی زۆر قورسە لە بەردەم ئافرەتاندا كە تێپەڕاندنی قورسە. یەكێكی دیكە لە هۆكارەكان خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنە، كە وای كردووە ئافرەتان ببنە یەكەم قوربانیی ئەم بابەتە و بە ڕاددەیەكی زۆر هەراسانكردن و توندوتیژی بەرانبەریان لە ڕیگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و تەلەفۆنەوە بەرانبەر ئافرەتان دەكریت، كە بێگومان پێویستە یاسا بەركارەكانی ئەم بوارە توندتر بكرێن بۆ ئەوەی ئافرەتان پارێزراو بن. هۆكارێكی دی ئەوەیە بەشێك لەو كەسانەی تاوانی كوشتنی ئافرەت ئەنجام دەدەن بە سزای سووك رزگاریان دەبێت و هەندێكیشیان هەر هیچ سزا وەرناگرن، ئەمە وادەكات تاوانەكە ئاسایی ببێتەوە خەڵكی دیكەش بە ئاسانی ئەنجامی بدات.

* لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان چارەسەری كێشەی ئافرەتانیان گرێ داوەتەوە بە «وەبەرهێنان لە كچاندا» ئەمەش بەو مانایەی پێویستە لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە كچ پەروەردە بكرێت بۆ ئەوەی ژنێكی باش پێشكەشی كۆمەڵگە بكرێت، لە كوردستان ئەم ئاراستەیە نییە، یان زۆر كەمە، ئایا تاچەند گرنگە كە وەبەرهێنان لە كچاندا بكرێت؟

- سەبارەت بە پێگەیاندن و دروستكردنی ئافرەت هەر لە منداڵییەوە بە شێوەیەك كە پارێزەری مافەكانی خۆی بێت، بێگومان ئەمە دەرەنجامی پۆزەتیڤی زۆر باشی لێ دەكەوێتەوە و ئافرەتی هۆشیار و كۆمەڵگەی هۆشیاری لێ بەرهەم دێت، بەڵام ئەمە ئەركێكی تاكە كەسی نییە، بەڵكو پێویستی بە كاری دەستەجەمعی هەیە لە نێوان دامەزراوەكانی دەوڵەت و كۆمەڵگەی مەدەنی و خێزان، لە سەر ئاستی حكومەت دامەزراوە پەروەردەیی و ڕۆشنبیرییەكانی وەك وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و وەزارەتی ڕۆشنبیری و فەرمانگەی ڕاگەیاندن و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەم ئەركەیان لە ئەستۆیە كە بەپێی بەرنامەیەكی درێژخایەن كار لەسەر پێگەیاندنی كچان بكەن، بۆ ئەوەی خانمێكی كارا بەرهەم بهێنن. پێگەیاندن بەو واتایەی بەرنامەی پاراستن و پەرەپێدانی خێزانیان هەبێت، چاودێریی خێزانی فراوان و هەمەلایەن بكرێت، ڕۆشنبیریی مافەكانی مرۆڤ و یەكسانیی كۆمەڵایەتی لە پڕۆگرامەكانی خوێندنی قوتابخانە و زانكۆكان هەبێت، پێویستە هەڵمەتی هۆشیاریی بەردەوام و دانەبڕاو هەبێت بۆ ئەوەی بەبەردەوامی خەڵك چاویان لەسەر نەهێشتنی توندوتیژی بێت و ئەوەش ببێتە خواستێكی گشتگیر و سەرتاسەری، بەم جۆرە كۆمەڵگەیەكی هاوسەنگ لەنێوان هەردوو ڕەگەز دێتە كایەوە كە هیچیان بە چاوی كەم تەماشای ئەویتر ناكات، بە بڕوای من ئەمەیە پڕۆژەی وەبەرهێنان لە كچاندا.

 

Top