مـــەســرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بە بۆنەی ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار بڵاو كردەوە

مـــەســرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بە بۆنەی ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار بڵاو كردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئاداری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بە بۆنەی ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار بڵاو كردەوە و تێیدا جەختی لە پێویستی و گرنگیی پاراستن و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان كردەوە. ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:

*پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار

ئەمڕۆ پەنجا و چوار ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 تێدەپەڕێت کە دەستکەوتێکی مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر.

شۆڕش و خۆڕاگری و قوربانیدانەکانی گەلی كوردستان، حکوومەتی ئەوکاتی عێراقی ناچار کرد دان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت. بە تایبەتی ڕێککەوتن لە سەر هەموارکردنەوەی دەستووری کاتی و داننان بەوەی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی (عەرەب و کورد) پێکهاتووە و دەستووریش دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەنێت.

بەڵام دواجار ڕژێمی ئەو سەردەمەی عێراق، لە ڕێککەوتننامەکە پاشگەز بووەوە و پەنای بردەوە بۆ شەڕ و دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و سەرەنجام عێراقی دووچاری ماڵوێرانی و کارەساتی گەورە کرد کە تا ئێستاش خەڵکی عێراق، باجەکەی دەدەن.

لەم یادەدا ، جەخت لە پێویستی و گرنگیی پاراستن و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەینەوە. خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت و ستەم و زۆرداری لێ بکرێت و عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی. 

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2024/3/11

Top