پێویسته‌ یادی راپه‌ڕین بكه‌ینه‌ هه‌وێنی یه‌كڕیزی بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی باشووری كوردستان

پێویسته‌ یادی راپه‌ڕین بكه‌ینه‌ هه‌وێنی یه‌كڕیزی بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی باشووری كوردستان

- جه‌ماوه‌ری خۆڕاگرى كوردستان ...
- كه‌سوكارو بنەماڵەی سەربەرزی شه‌هیدانی كوردستان ...
- حزب و لایه‌نه‌ سیاسی و رێكخراوه‌كانی كوردستان...
ئه‌مڕۆ یادی (33) ساڵه‌ی راپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی 5ی ئاداری ساڵی 1991 ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌م رۆژه‌ مێژوویی و پڕ خه‌بات و تێكۆشانه‌، جه‌ماوه‌ری باشووری کوردستان له‌ رانیه‌ی ده‌روازه‌وه‌ ده‌ستی به‌ڕاپه‌ڕین كرد، له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا بلێسه‌ی راپه‌ڕین هه‌موو شار و شارۆچكه‌‌ و كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی باشووری كوردستانی گرته‌وە، له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا كوردستان له‌ به‌عسییه‌‌كان پاككرایه‌وه‌‌ و موژده‌ی ئازادی و سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستان به‌سه‌ر زولم وسته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ و دیكتاتۆرییه‌تدا راگە‌یەنرا، له‌م رۆژه‌دا‌ گه‌لی كوردستان به‌ هه‌موو دونیای راگه‌یاند داگیركاری و ژێر ده‌سته‌یی قبوڵناكات و هه‌ر كاتێ ده‌رفه‌ت له‌باربێت راپه‌ڕین و شۆڕش ده‌كات و كوردستان ده‌كاته‌ گۆڕستانی نۆكه‌ران و دوژمنان.
ئه‌مساڵ کە یادی راپەڕین دەکەینەوە كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و قه‌یران و گۆڕانگاری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌دان، له‌وانه‌ به‌رده‌وامی شه‌ڕی دوو ساڵه‌ی رووسیا و ئۆكراین و هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی عه‌ززه‌ و شه‌ڕی له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی ئێران به‌خامۆشی و هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوا و باشووری كوردستان و هێرشه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر، له‌لایه‌كی دیكه‌ حكومه‌تی عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ كێشه‌ دروستكردن بۆ حكومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی بودجه‌ و راگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان و سیاسه‌تی برسیكردنی مووچه‌خۆرانی كوردستان پێڕه‌و ده‌كات، هه‌روه‌ها بڕیاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌ دژی كوردستان هه‌مووی ناده‌ستووری و سیاسییه، ئه‌م دادگایه‌ بۆته‌ ئامرازێك به‌ده‌ست وڵاتانی ئه‌قلیمی و میلیشیا عێراقییه‌كان، به‌هۆیه‌وه‌ دژایه‌تی گه‌لی كوردستان به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ ده‌كات و هه‌وڵده‌ده‌ن قه‌واره‌ی سیاسی باشووری كوردستان بچوك بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌زووترین كات ده‌سه‌ڵاتی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌ن و جه‌ماوه‌ری خوڕاگری كوردستان، بە یەکدەنگى و یه‌كهه‌ڵوێستی کار بۆ چاره‌سه‌ركردن و ده‌ربازكردنی ئه‌م بارودۆخه‌ بكه‌ین و به‌یه‌كریزی و پێكه‌وه‌ژیانمان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ واده‌ی خۆیدا وه‌ڵامی دوژمنان و داگیركه‌ران بده‌ینه‌وه‌.
له‌یادی راپه‌ڕینی مه‌زن و شكۆداردا پیرۆزبایی له ‌خۆمان جه‌ماوه‌ر و لایه‌نه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین و خوازیارین ئه‌م یاده‌ ببێته‌ هه‌وێنی یه‌كگوتاری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌هه‌مان رۆحییه‌تی راپه‌ڕین كۆتایی به‌ كێشه‌ و گرفتی نێوانیان بهێنن و به‌هه‌موو لایه‌كمان نێوماڵی كوردستان رێكبخه‌ینه‌وه و بەهەمان گیانی به‌رخۆدانی راپەڕینى ساڵی ١٩٩١ به‌ره‌نگاری دوژمنانمان ببینه‌وه‌ و ئه‌زموونه‌كه‌مان بپارێزین، به‌تایبه‌ت له‌كاتی ئێستادا کە دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان هه‌موو هه‌وڵێكیان خستۆته‌گه‌ڕ بۆ‌ دژایه‌تیكردنی گه‌لی كوردستان و له‌باربردنی ئه‌زموون و حوكمڕانییه‌كه‌ی، له‌هه‌‌مان كاتدا پێویسته‌ حكومه‌تی كوردستان ئاوڕی زیاتر له‌ فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و خانه‌نشینان و خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی بداته‌وه‌‌ بۆ دابینكردنی مووچه‌ له‌كاتی خۆی و باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانیان.
- نەمری و سه‌ربه‌رزی بۆ شەهیدانی رێی سەرخۆبوون و ئازادی کوردستان.
- مردن و رووڕه‌شی بۆ دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان.

مه‌كته‌بی سیاسیی
یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK
14ی ره‌شه‌مێی 2723ی كوردی
5ی ئاداری 2024ی زایینی
هه‌ولێر - باشووری كوردستان

Top