راگەیاندنی كۆتایی كۆبوونەوەی مەکتەبى سیاسیى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

راگەیاندنی كۆتایی كۆبوونەوەی مەکتەبى سیاسیى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

 

ڕۆژى سێشەممە 05 / 03 / 2024 مەکتەبى سیاسیى (یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK)، بەسەرپەرشتی هەڤاڵ غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK، لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و كارو خەباتی YNDK كرا:
كوردستان: ماوەى چەند ساڵێکە باشوورى کوردستان لە رەوشێکى سیاسى ئاڵۆزو ناسک و هەستیاردایە، ناوەندى سیاسیى کوردستان پەرش و بڵاوو لێکترازاوە، لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان لە ناکۆکى و ململانێى بەردەوامدان، ئەم رەوشە نیگەرانییەکى زۆرى لاى هاوڵاتییان دروستکردووە، بۆیە بە پێویستی دەزانین كە بەزووترین كات ناوەندى سیاسى و ناوماڵی كوردستان رێك و یەكبخرێتەوە، بۆ ئەمەش کارکردن بۆ پێکهێنانى (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) وەک چەترێکى هاوبەش کە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بگرێتەخۆ بەگرنگ دەزانین، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەى کەوا گرژى و ناکۆکى و ململانێکان خاوببنەوەو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان یەكدەنگ و هاوهەڵوێست بن، بەتایبەت لەم قۆناخە هەستیارو چارەنووسسازەدا، كەوا داگیرکەرانى کوردستان بەردەوام پیلانى گڵاو دادەڕێژن و لە هەموو لایەكەوە هەڕەشە لە کوردستان دەکەن، ئەوەتا عێراق تا ئێستا ئامادە نییە ماددەى 140 جێبەجێ بکات و شایستە داراییەکانى کوردستان بدات و بەردەوامە لە جێبەجێکردنى سیاسەتى برسیکردنى خەڵکى کوردستان، هەروەها ماوەیەکى زۆر لەرێگەى میلیشیاکانى حەشدى شەعبى بە بەردەوامى و بە بەکارهێنانى درۆن موشەکبارانى هەولێرو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێریان دەکرد، ئەمە لەلایەک ؛ لەلایەکى دیکەوە دادگاى فیدرالى عێراق ماوەیەکە بڕیارى سیاسى و نایاسایى بەرامبەر کوردستان وەردەگرێت، هەموو ئەو هەوڵانەى حکومەتى عێراق و میلیشیاکانى و دادگاى فیدرالى عێراق بۆ سنووردارکردن و بەرتەسکردنەوەى دەسەڵاتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، بۆیە پێویستە بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر بڕیارە سیاسییەکانى دادگاى فیدرالى عێراق پێویستە لایەنە سیاسییەکانى کوردستان کۆببنەوە و هەڵوێستێکى هاوبەشیان هەبێت.
سەرەڕاى پیلانە گڵاوەکانى عێراق ؛ رژێمى تورکیا بەردەوام ناوچە سنوورییەکانى باشوورى کوردستان تۆپباران دەکات و خەڵکى سڤیل ئاوارەو بریندارو شەهید دەکات، لە هەمان کاتدا رژێمى داگیرکەرى تورکیا هێرشەکانى بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان چڕکردۆتەوەو سەرەڕاى تیرۆرکردنى چالاکوانانى ساسیى و مەدەنى خەریکەى ژێرخانى رۆژئاواى وڵات وێران دەکات، هەروەها رژێمى داگیرکەرى ئێران بەردەوامە لە هەڕەشەکانى بەرامبەر باشوورى کوردستان، دوا کارى تیرۆریستى ئێران موشەکبارانکردنى شارى هەولێر بوو کەوا لە ئەنجامى ئەو هێرشەدا چەند هاوڵاتییەکى سڤیل شەهید و بریندار بوون، کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵ بوو.
ئێمە تەواوى دەستدرێژییەکانى داگیرکەران بۆ سەر کوردستان بە توندى ئیدانەو مەحکووم دەکەین و، داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکەین لەم رووەوە تەنیا سەیرکەر نەبن و هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگ نەمێنن، ئەم پیلان و هەڕەشانەى لەسەر گەلى کوردستان بەڕێوەدەچێت، پیلانێکى ناوچەیى بەرنامە بۆ دارێژراوى گەورەیە دژ بە گەلەکەمان، ئەم پیلانانە دەمێکە کاریان لەسەر دەکرێت و هەوڵى جێبەجێکردنیان دەدرێت، بێگومان یەکڕیزى و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکن بۆ رووبەڕووبوونەوەو هەڵوەشاندنەوەو پوچەڵکردنەوەى ئەم پیلانانە و هەوڵە نەزۆکەکانى دوژمنان و ناحەزانمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەین و بۆ پوچەڵکردنەوەى پێلانەکان هاوهەڵوێست بین.
هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان: ئێمە لە YNDK پێشوازى لە بڕیارى دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکەین و، داواکارین کەوا هەموو لایەنە سیاسییەکان کاربکەن بۆ ئەوەى هەڵبژاردنێکى پاک و روون و دوور لە گزیکردن لەکاتى خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە وەک YNDK ئامادەى هەموو جۆرە هاوکارى و پشتیوانییەکین.
عێراق: YNDK پێیوایە تا ئێستاش هیچ گۆڕانکارییەگى پۆزەتیف لە سیاسەت و هەڵسوکەوتى دەسەڵاتدارانى عێراق بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ کوردستان رووینەداوە و، دژایەتیکردنى خواستەکانى گەلى کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانى عێراق بەردەوامە، دوا بڕیارەکانى دادگاى فیدرالى عێراق سەلمێنەرى ئەو راستییەن، ئەم رەوشەی كەوا ئێستا عێراق پێیدا گوزەر دەكات بەرەنجامی عەقلیەتی تاكڕەوی و دكتاتۆرییەتە كە حكومەتی تائیفى و مەزهەبى لە ساڵانی رابردوو و لە ئێستادا هۆكاری هێنانە ئارای ئەم عەقلیەت و رەوشە نەخوازراوە بوون، بە باوەڕی ئێمەو بەپێی ئەزموونی كورد لەگەڵ رژێمەكانی پێشووی عێراق دەگەینە ئەو راستییەی كەوا متمانە بە دەسەڵاتدارانی عێراق نەكەین، روانینى دەسەڵاتى ئێستاى عێراق هەمان روانینى دەسەڵاتەکانى پێشووە، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا عەقلیەتى دەسەڵاتدارى عێراقى چەقبەستووەو ناگۆڕێت و، روانینى زۆربەیان هەمان روانینى حکومەتەکانى رابردووە بۆ چارەسەرى پرسى کورد ! زۆربەى دەسەڵاتدارانى عێراق لۆژیکى خۆبەزلزانین و سەربازى دەخەنە پێش لۆژیکى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن، بۆیە زۆر زەحمەتە ئێمە تاسەر بتوانین لەگەڵ ئەم جۆرە عەقڵییەتە بژین و بەردەوام بین.
رەوشی ناوچەكەو جیهان: YNDK پێیوایە رۆژهەڵاتی ناڤین لە رەوشێكی ئاڵۆزو هەستیاردایەو رۆژ بە رۆژ ئەگەرو پێشهاتی نوێ‌ دێنە پێشەوە، بە تایبەت لەلایەک شەڕى روسیا و ئۆکرانیا، لەلایەکى دیکەوە هێرشى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و پەرچەکردارى ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشى حەماس، وایکردووە کەوا شەڕیکى قورس لە ناوچەکەدا بێتە ئارا، لە ئەنجامى ئەو شەڕو ئاڵۆزییانەدا بە هەزاران کەس کوژراو بریندارو ئاوارە بوون کەوا زۆربەیان خەڵکى سڤیلن، بێگومان ئەو شەڕە کاریگەرى کردۆتە سەر رەوشى سیاسى ناوچەکەو جیهانیش، بە بڕواى ئێمە هیچ کاتێک شەڕ چارەسەرى کێشەکانى نەکردووە، بگرە کێشەکانى زیاتر ئاڵۆز کردووە، بۆیە پێویستە کێشەکان لە ڕیگەى دیالۆگەوە یەکلابکرێنەوە.
بێگومان ئەو ئەگەرو پێشهاتانە كاریگەری خۆیان دەبێت بۆ سەر رەوشى سیاسى کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازەكانی ناوچەكە، بەداخەوە ئێمەى گەلى کوردستان بەهۆى ململانێى سیاسیى نێوان لایەنە سیاسییەکان بەرنامەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانیمان نیە بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەرو پێشهاتەکاندا، پێویستە ئێمە وەکو گەلى كوردستان لە رەوشێکى وادا کارنامەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانى دابڕێژین بۆ چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهات و رووداوەکاندا، هەروەها پێویستە برایانمان لە بەشەكانی دیكەی كوردستان ریزەکانى خۆیان یەکبخەن و كارو خەباتی خۆیان خورت بكەن و بەرەو رزگاری و ئازادی هەنگاو بنێن، لە هەمان كاتدا وای دەبینین كەوا دەكرێ لە ئەنجامى ئەو گۆڕانکارییانەى کە دێنە پێشەوە سوود وەربگرین و بەهارى ئەمساڵ بکەینە بەهارى ئازادى و سەربەخۆیی كوردستان.
مەکتەبى سیاسیى
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
05 / 03 / 2024 هەولێر - باشووری كوردستان

Top