ســـەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە

ســـەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە

لە سی و سێیەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی شکۆداری ساڵی 1991ی گەلی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. ڕێز و پێزانینم بۆ هەموو تێکۆشەران و کوردستانپەروەران و بەشدارانی ڕاپەڕین و بۆ هەموو ئەوانەی لە كاروانی ئازادی و سەرفرازی و پێشكەوتن و ئاوەدانیی و خۆڕاگریی هەرێمی كوردستاندا، ڕەنجیان دا و ماندوو بوون، دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدانەی لەم ڕێگەیەدا گیانیان بەخت كرد.

ڕاپەڕینی ئاداری 1991، یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوە بەرهەمدارەكانی مێژووی كوردستان و شانازییەكی گەورە و سەروەرییەكی مەزنی گەلی کوردستانە، کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، ڕەتکردنەوەی یەكجارەكیی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو، بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بوو.
ئەمڕۆ کە یادی ڕاپەڕین دەکەینەوە زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتە و هەر تاکێکی کوردستانی، بە یەکڕیزی و یەکدەنگی، داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.
بۆیە پێویستە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین، بە دڵنیاییشەوە سەروەریی هەموومان بەندە بە بوونی كوردستانەوە.
با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی قەوارەی دەستووری هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین.
بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/3/5

Top