بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی هەرچی بن تەنها ئەوانە جێبەجێ دەکرێن کە لەدژی گەلی کوردستانن.

بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی هەرچی بن تەنها ئەوانە جێبەجێ دەکرێن کە لەدژی گەلی کوردستانن.

لەم یەک دوو ڕۆژەدا و دوایی دواخستنی چەند جارەی دانیشتنەکانی دادگای فیدڕاڵی دواجار بڕیاری لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان دا، لە چوارچێوەیەکی زۆر ناشایستە و هەڵەی جێۆپۆلەتیکی دانیشتوان بە کۆتایی هێنان بە کورسی کۆتاکان و دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم، دەرکردنی چەند بڕیارێکی سەیر و سەمەرە کە بەڕاستی جێگای خۆیەتی خەڵکی هۆشیاری ئەم نیشتمانە وردتر و ئاگامەندانە تر لێی بڕوانن ،هەرچەندە بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان خۆشحاڵن و پێیان وایە کە براوەن و هەندێکی تر پێیان وایە کە ئەمە شکستە و کودەتایە، لێرەدا پێویستە چەند خاڵێک زۆر بەکورتی ئاماژەی بۆ بکرێت و ڕوون بکرێنەوە.
یەکەم بەپێی کام یاسای پەرلەمانی عیراق یان بڕیاری دادگای بەناو فیدڕاڵی هەڵەبجە کە ساڵانێکە لە لایەن حکومەت و دامەزراوە فەڕمیەکانی هەرێمی کوردستانەوە وەک پارێزگا هەژمار دەکرێ ،بەڵام لەپەڕلەمانی عێراق و حکومەتی ناوەندی تەنها قەزایەکە و کۆتاجاریش برایانی عەرەبی چاوڕەش نەچونە ژێر باری ئەوەی کە بە یاسا لە پەڕلەمانی عێراق دان بە پارێزگا بونی هەڵبجەدا بنێن، بەڵام ئێستا و بۆ مەرامی سیاسی و ئەجێندای دەرەکی هەستاون زۆر بەجوانی بازنەیەکی هەڵبژاردن وەک پارێزگاکانی تری هەرێم هەژماریان کردوە.
دووەم لە دەستوری کۆماری عێراقی فیدڕاڵدا لە مافەی یەکەم ئاماژە بەهەبوونی فرەیی نەتەوە و ئایین و ئاینزاکان کراوە کە پێویستە سەرجەمیان ڕێزلێگراو و حساب بۆ کراو بن و لە چەند پارێزگایەکی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە کەرکوکیشەوە کورسی کۆتا و کەمینە ڕەچاو کراون بەڵام لە کوردستان بڤەیە و حەرامە؟
سێیەم تێکەڵکردنی هەر دوو بابەتی هەڵبژاردن و بابەتی بودجە و موچەی کوردستان ئەگەر بۆمبێکی چێنراو بۆ گەلی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان نین خێرە وا تازە دوای ئەو هەموو کاتە بیریان کەوتوەتەوە کە بڕیارێکیش لەسەر موچەی خەڵکی کوردستان بدەن.
دەرئەنجامەکان هەرچی بن ئەوا لە ڕۆژانی داهاتوو ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە بەڵام گرنگ ئەوەیە خەڵکی دڵسۆزی کوردستان خوێندنەوەی وردتر بۆ بارودۆخەکە بکەن و باش ئەوە بزانن هەرگیز عەرەب و کورد دوبرای سەر یەک سفرە و خوان نین ڕەنگە دو خزم یان ناسیاوی یەکتر بن بەڵام سیاسیەکانی عێراق تا ئەو ساتە برامانن کە گڵۆڵەیان لە لێژی بێت و باری لاری خۆیان بە گەل وسیاسەت و حکومەتی هەرێم ڕاستبکەنەوە دواتر دەرئەکەوێت کە گورگن لە پێستی مەڕدا و مێژوش بە دەیان جار ئەو بابەتەی بۆ دوبارە و سێ بارە سەلماندوینەتەوە و ئەجێندای دەرەکی و دەستی دوژمن و تیری نەیاران هەمیشە ڕوو لە دڵسۆزانی نیشتمان و خەڵکە نەتەوەییەکەی ئەم پارچەیەی کوردستانن.

Top