سوبحی مەندەلاوی كەسایەتیی ناسراوی كوردی فەیلی بۆ گوڵان:   مەلا مستەفا بارزانی پارێزەر و داكۆكیكاری ماف و داخوازییەكانی كوردانی فەیلی بوو  

سوبحی مەندەلاوی  كەسایەتیی ناسراوی كوردی فەیلی بۆ گوڵان:     مەلا مستەفا بارزانی  پارێزەر و داكۆكیكاری  ماف و داخوازییەكانی  كوردانی فەیلی بوو   

 

مێژووی عێراق پڕیەتی لە تاوانی شاردراوەی كۆمەڵكوژی و ئەشكەنجەدانی گەلی كورد، ئەمەش هەمووی لە پێناو سڕینەوەی ناسنامە و قڕكردنی گەلی كورددا جێبەجێ كراوە، بەداخەوە لە مێژوودا وەكو خۆی گرینگی بەم جینۆسایدانە نەدراوە و نەخراونەتە چوارچێوەیەكی نێودەوڵەتییەوە. جینۆسایدی كوردانی فەیلی یەكێكە لەو زنجیرە تاوانە ڕەشانەی دەرهەق بە پێكهاتەیەكی كورد ئەنجام دراون، تەنیا لەبەر ئەوەی كوردانی فەیلی بەرگرییان لە شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی كردووە. لەسەر ئەم پرسە چەندین پرسیارمان ئاراستەی سوبحی مەندەلاوی كەسایەتیی ناسراوی ناو كوردانی فەیلی كرد، كە نووسەر و ڕۆشنبیر و چاودێرێكی سیاسییە و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

* جینۆسایدی كوردانی فەیلی لە قۆناغێكی هەستیاردا ئەنجام درا، هەرچەندە پێش ساڵی 1981ی سەردەمی بەعسییەكانیش قۆناغ بە قۆناغ ئەشكەنجەدان و كوشتن و دەستگیركردن و دوورخستنەوەی كوردانی فەیلی لە عێراقدا هەر ڕووی داوە، بەڵام لەم قۆناغە بە دواوە كۆمەڵكوژییەكە زۆر دڕندە و فراوان بووە. خوێندنەوەتان بۆ جینۆسایدەكە و هۆكارەكانی چییە؟

- كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی لە عێراقدا بە هۆكاری باری نەتەوەیی و پاڵپشتیكردنیان بووە لە بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول، بە بەڵگەی ئەوەی لە عێراقدا پێكهاتەی شیعەی عەرەبی و دەیان هۆزی دیكەی شیعە هەن، بەڵام لەبەر ئەوەی كوردانی فەیلی بە نەتەوە كوردن و بە مەزهەب شیعەن، وەكو كۆمەڵكوژییەكانی دیكەی بەعس تاوانی گەورەیان بەرانبەر ئەنجام درا، وەكو كۆمەڵكوژیی (ئەنفالەكانی بارزانییەكان، گەرمیانییەكان، جینۆسایدی كوردانی ئێزدی و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی گوندەكان و تەعریب و تەرحیلی كەركووكییەكان و گەرمیانییەكان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تا دەگاتە گەمارۆ و برسیكردن و دەستبردن بۆ ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، هەر هەموو ئەم تاوانانە لەبەر كوردبوونمان بووە. جینۆسایدی كوردانی فەیلی تەنیا جەستەیی و تاڵانكردنی ماڵ و حاڵیان نەبووە، بەڵكو بەزۆرەملێ دەركردن و ڕاپێچكردنیان بووە بۆ دەرەوەی سەر خاكی باوك و باپیرانیان، بە مەبەست و مەرامی داگیركردنی خاك و نیشتمانیان، بۆیە ئەم تاوانە دەچێتە قاڵبی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی نێودەوڵەتییەوە. پێویست بوو وەكو جینۆسایدێكی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا بكرایە، نەوەكو لەناو چوارچێوەی عێراقدا قەتیس بكرێت.

* باسی ئەوەت كرد، كوردانی فەیلی ڕۆڵێكی گەورەیان لە شۆڕشی ئەیلوول و پاڵپشتیكردنی مەلا مستەفا بارزانی هەبووە، ئایا ئەم پاڵپشتییە بۆچی دەگەڕایەوە و چۆن بوو؟

-  بەعسییەكان لە ساڵی 1963 كە بە حەرەس قەومی ناویان دەهات، كۆمەڵكوژییەكی زۆریان ئەنجام دا بەرانبەر شیوعی و پارتییەكان، دواتریش دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە یەكێتیی سۆڤیەتی ئەو كات و ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری مێژوویی و ڕێپێوانەكەی پاڵپشتیكردنی ڕێككەوتنەكە، كە لەناو جەرگەی بەغدا زیاتر هێز و نفووزی كوردانی فەیلی دەركەوت، ئیتر ئەوەندەی دیكە بەعسییەكان و شۆڤێنییەكان ترسیان لە كورد دەركەوت، مێژووی پڕ لە سەروەریی كوردانی فەیلی لە پاڵپشتیی مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول نكۆڵیی لێ ناكرێت كە ترس و دڵەڕاوكێی گەورەی لای پیاوانی ڕژێمی بەعس دروست كردبوو، بەتایبەتی كە زۆربەی بازرگان و كاسبكارەكانی ناو جەرگەی بەغدا لە كوردی فەیلی بوون و، هاوكاریی و كۆمەكی شۆڕشەكەی مەلا مستەفا بارزانییان دەكرد، تەنانەت لە ناو ڕێكخستنەكانی بەغدای پارتی دیموكراتی كوردستاندا، كوردی فەیلی پۆست و مەكانەتی قیادی و گەورەی پێ درابوو. جەعفەر محەمەد كەریم و حەبیب محەمەد و عادل موراد و زەكییە ئیسماعیل و یەدوڵڵا كەریم و دەیان كوردی فەیلی هەر لە پۆستی ئەندامی دامەزرێنەری پارتی و سكرتێری پارتی و سەرۆكی یەكێتیی لاوان و قوتابیان و ئافرەتان و چەندین پێگەی دیكەی جەماوەریدا بوون و شەهیدیان هەبووە. مەلا مستەفا بارزانی ئەم هاوكاری و كۆمەكەی كوردانی فەیلی لە چەندین بۆنەدا بە شانازیییە باس كردووە. ڕەنگە خوێنەر ئەو پرسیارەی لا دروست ببێت، كە بۆچی كوردانی فەیلی ئەوەندە مەلا مستەفا بارزانییان خۆش دەویست و، لە ناو ماڵەكانیاندا وێنەی مەلا مستەفا هەبوو. مەلا مستەفا بارزانی سەرۆكی گەورەی كورد و كوردستان بوو، بەبێ جیاوازی. ئەم زەعیمەی كورد باشی دەزانی كوردانی فەیلی وەكو پێكهاتەكانی دیكەی كورد و كوردستانی چۆن پەراوێزخراون و كۆمەڵكوژ دەكرێن، بۆیە بەردەوام پارێزەر و داكۆكیكاری ماف و داخوازییەكانیان بووە، بەعسییەكان بە بڕیاری («مجلس قیادة الثورة» گەنجەكانی كوردی فەیلییان ڕاپێچی زیندانەكان كرد و لێپرسینەوە و تۆمەتباریان دەكردن بە هاوكاری و پاڵپشتیكردنی مەلا مستەفا بارزانی، لە دوای ساڵی 2003 و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەو بەڵگەنامانەی موخابەراتی عێراقی كە دەستیان بەسەردا گیرا، بە ڕوونی لە ناو لیستەكانیاندا ناو و تۆمەتباركرنی ئەو بازرگان و كاسبكارانەی تێدا بوو، كە هاوكاری و كۆمەكی ماددیی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانیان كردووە، تەنانەت سەدام حوسێن لە ساڵی 1981 بە ئاشكرا ڕایگەیاندبوو «دەبێت كوردانی فەیلی ڕیشەكێش بكرێن..». ئەم وتانەی لە ڕۆژنامەی ئەلسەورەی زمانحاڵی خۆیشیاندا بڵاو كرابووەوە، تەنانەت بەعسییەكان دەستیان بۆ پیرۆزییەكانی خێزانی كوردانی فەیلی برد و هاوسەرەكانیان لە یەكتر جیا كردنەوە. من براكەم لە ناو سوپای عێراقدا بوو، ویستیان لە خێزانەكەی جیای بكەنەوە، كە ڕازی نەبوو، پیاوانی ڕژێم دەستیان بە سەر ماڵ وحاڵیدا گرت و ڕاپێچی ئێرانیان كردن. تەقینەوەكەی زانكۆی موستەنسرییەیان كردە بیانوویەك بۆ دەستكردن بە هەڵمەتی ڕەشبگیری و دەستگیركردن و كوشتن و داگیركردنی ماڵ و حاڵی كوردە فەیلییەكان. بەعسییەكان زۆر لە شۆڕش و ڕاپەڕینەكانی بارزان دەترسان، چونكە مەلا مستەفا بارزانی كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی و دڵسۆز بوو، بیروباوەڕی كوردایەتی و بەرگریكردن لە مەزڵووم و چەوساوە وای لە هەموو پێكهاتەكانی گەلی كورد كردبوو لە دەوری كۆببنەوە، بە جیاوازیی چین و توێژەكانەوە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەو خانەوادە و خێزانانەی ناو كوردانی فەیلی كە سەرقاڵی كار و كاسبین و دەستبەرداری ئەندامێتیی حزبەكان بوون، هەر دەڵێن ئێمە مەلایین، ئەم وتەیەش بۆ خۆشەویستی و ڕێزگرتنە لە مەلا مستەفا بارزانی كە گوزارشت لە بیروباوەڕێكی قووڵی كوردایەتی دەكات. بەداخەوە لە ئێستادا ئەم مێژووە درێژەی پێ نادرێت، كە ڕێژەیەكی زۆری كوردی فەیلی لەناو جەرگەی بەغدا هەن و پێگە و نفووزی خۆیان هەیە و دەبێت جارێكی دیكە لە ناو ڕێبازی كوردایەتیدا پێگەیان بۆ بگەڕێتەوە و لە دەوری ڕێبازە پیرۆزەكەی بارزانی و كوردایەتی كۆ بكرێنەوە.

* مەبەستت چییە بەوەی ڕۆڵ و پێگەیان لە ناو ڕێبازی كوردایەتیدا پێ بدرێتەوە، لە كاتێكدا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، نە دۆسێی جینۆسایدەكە و نە قەرەبووكردنەوەی قوربانییەكان وەكو پێویست بایەخی پێ نەدراوە؟

- هەرچی بەزۆرەملێ ڕاپێچكردنی خێزانەكانی كوردانی فەیلی بۆ ئێران و كۆچێكردن و نەفیكردنێكی دیكە بۆ شارەكانی خوارووی عێراق و دەستگیركردنی زیاتر لە 20 هەزار گەنجی كوردی فەیلی و كوشتنی ژمارەیەكی زۆریان و تاڵانكردنی ماڵ و حاڵیان و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە و بەڵگەنامەكانیان و دوورخستنەوەیان بوو لە پێناو لاوازكردنی پێگەیان لەناو جەرگەی بەغدا و شارەكانی دیالە و كەركووك تا بەسرا، بەڵگەنامەكان ئەوەیان سەلماندووە، بە زۆرملێ كۆچكردنی كوردانی فەیلی زیاتر لە 380 هەزار كەس بووە، بەداخیشەوە لە دوای ڕاپەڕین و ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بە هەمان ڕێچكەی مەلا مستەفا بارزانی گرینگییان بە كوردانی فەیلی نەدا، تا وای لێهات زۆر لە حزبە شیعەكانی عێراق وایان كرد كوردانی فەیلی پەرش و بڵاو ببنەوە و پێگە و هێزیان لاواز بكرێت. ئێمە ئومێدمان زۆرە سەرۆك مسعود بارزانی بە هەمان ڕێچكەی مەلا مستەفا بارزانی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ كۆكردنەوە و گەڕانەوەی پێگە و هێزی كوردانی فەیلی، سازدانی كۆنگرەی بەجینۆسایدناساندنی كوردانی فەیلی لە هەولێر ئەو ئومێدەی بۆ زیندوو كردینەوە.

* هەڵبەتە لە دەرەوەی بەغداش هەڵمەتێكی دڕندانەی دیكە بەڕێوە دەچوو، بۆ دەركردن و تەعریبكردنی ماڵ و موڵكی كوردانی فەیلی، ئەگەر باسی كوردانی مەندەلی بكەین، لەوێ دۆخەكە چۆن بوو؟

- لە شۆڕشی ئەیلوول 500 گەنجی شاری مەندەلی لە كوردانی فەیلی پەیوەندییان بە ڕیزەكانی پێشمەرگەوە كرد و شەهید و قوربانیمان لەو شۆڕشەدا بەخشی. خێزانە كوردەكانی مەندەلی ئەوەندە مەلا مستەفا بارزانییان خۆش دەویست، وێنەی مەلا مستەفا بارزانی لە ماڵەكانیاندا هەڵدەواسی، پیاوانی ڕژێم زۆر ترسیان لەم پەیوەندییە كرد و چاریان نەما جگە لە كۆچێكردن و وێرانكردنی گوندەكانمان، هەر بۆیە شوێنەوارەكانی تەعریب و تەرحیل لە ڕۆژهەڵاتی دیجلە تاكو ئەمڕۆش دیار و بەرچاوە.

* وەكو ڕۆشنبیر و كەسایەتییەكی ناو كوردی فەیلی، پێشنیارت چییە بۆ دووبارە زیندووكردنەوە و كۆكردنەوەی كوردانی فەیلی و گەڕانەوەی پێگەیان لە ناو بەغدا و شارە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم؟

- كوردی فەیلی شەرم و ترسی لە كوردبوونی خۆی نییە، شانازی بە كوردایەتی و نەتەوەی خۆیەوە دەكات، ئەوەی دەمێنێتەوە كۆكردنەوەی ئەو پەرشوبڵاوی و لاوازبوونەی پێگەی كوردانی فەیلییە لە بەغدا و ناوچەكانیان، بۆ ئێمە جێگای شانازییە كاتێك سەرۆك بارزانی باسی كورد دەكات، لە پێش قوربانیی بارزانییەكانەوە باسی كوردانی فەیلی دەكات، بەداخەوە پێشنیارەكەی بۆ دامەزراندنی سەنتەرێك و دامەزراوەیەك بۆ بەڕێوەچوونی كاروباری كوردانی فەیلی دیار و ڕوون نییە، كە من زۆر بە پێویستی دەزانم، ئەم دامەزراوەیە لەناو چوارچێوەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت، تاوەكو ئەو مەكتەبە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت و بەرگری و پارێزەری مافەكانی كوردانی فەیلی بێت، چونكە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە وەكو پێویست گرینگی بە كوردانی فەیلی نەدراوە، بەتایبەتی لەلایەن پارتی و یەكێتی، هەر بۆیە حزب و لایەنی سیاسیی دیكە لە عێراقدا ئەم پەراوێزخستنە كە لەناو جەرگەی بەغدا، 300 تا 400 هەزار كوردی فەیلی هەن تاوەكو دیالە و ناسرییە و دیوانییە و نەجەف و كەربەلا و بەسرا، ئەو حزبانە دۆخەكەیان قۆستووەتەوە و كوردانی فەیلیان بۆ خۆیان ڕاكێشاوە.

 

Top