ڕاگه‌يه‌نراوى هاوبەشی کۆبوونەوەی دەستبەکاربوونی كۆميته‌ى بەڕێوەبەری جێبەجێکاری، لەنێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا
وه‌زاره‌تى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا و سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ئه‌م ڕاگه‌يه‌نراوه‌يان بڵاوكرده‌وه:
به‌رپرسانى باڵاى وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانى عێراق، ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، کۆبوونەوەی كۆميته‌ى بەڕێوەبەری جێبەجێکاریيان بۆ پرسی پێشمەرگە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر ئەنجام دا.
کۆبوونەوه‌كه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌و پێشكه‌وتنانه بوو كه له پرۆسەی چاکسازی لە هێزی پێشمەرگەدا به‌ديهاتوون له چوارچێوه‌ى یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا و ئەیلوولی ٢٠٢٢ نوێ کراوەتەوە.
كۆميته‌كه ئه‌و پێشکەوتنانەى خسته ڕوو کە بۆ چاکسازیی له هێزى پێشمەرگەدا بەدەستهاتوون، هەروەها لەسەر خاڵە سەرەکییەکان بۆ ساڵی داهاتوو ڕێککەوتن وەک بەشێک لە پابەنديی هاوبەش و درێژخایەن بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوه‌ى وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا و بنیاتنانی هێزێکی پیشەیی كه بتوانێت تێکشکاندنی یەکجاره‌كیی داعش مسۆگه‌ر بكات.
وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشکەوتنی بەرچاوی لە پرسی چاکسازی لە پێکهاتەی دارایی و هێزەکاندا بەدەستهێناوە. وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە خۆشحاڵییەوە دەڕواننە بەردەواميی هەوڵەکانی چاکسازی کە لە یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لە ٢٠٢٢دا هاتووە. وڵاته یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتگيرى لە گەلی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکات بۆ بنیاتنانی عێراقێکی به‌هێز و سه‌قامگير و خاوەن سەروەری.