بۆچی نۆرەی دڵ زیاتر لە زستاندا ڕوو دەدات؟
ئەمە سەلمێندراوە كە كەشی سارد ئەگەری گرفتەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان زیاد دەكات، وەك: نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك. لە لێكۆڵینەوەكانی زانكۆی لوند Lund University/ سوید هاتووە كە پلەی گەرمیی نزم لە ڕۆژانی سارد و هەوریدا هاندەرە بۆ ڕوودانی نۆرەی دڵ، بەتایبەتی لە بەساڵاچوواندا. لە لێكۆڵینەوەكاندا ئاماژە بە هۆكاری دیكەیش كراوە كە تا ڕادەیەكی كەمتر كاریگەری دەكەنە سەر كۆئەندامی دڵ و سووڕان، وەك: پەستانی ئەتمۆسفیر، خێرایی با، لەگەڵ ماوەی دەركەوتنی تیشكی خۆر لە كاتەكانی ڕۆژدا. ئەمەش ڕوون كراوەتەوە كە ئەگەری ڕوودانی نۆرەی دڵ هێشتا زیاتر دەبێت كە پلەكانی گەرمی بۆ ژێر سفر دادەبەزن. میكانیزمی زیادبوونی ئەگەری نۆرەی دڵ لە كەشی ساردی زستاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە پلەی گەرمیی نزم و بای سارد دەبێتە ئەگەری تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن لە پێستدا بەمەبەستی پاراستنی وزەی لەش، ئەمەش بارگرانی لەسەر دڵ زیاد دەكات. لە لایەكی دیكەوە زیاد بەسەربردنی كات لە ناوماڵ و كەم ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی، زیادبوونی ئەگەری سترێس، لەگەڵ زیادبوونی چانسی تووشبوون بە هەڵامەت و ئەنفلوەنزا، هەموویان ئەگەری ڕوودانی نۆرەی دڵ بەرزدەكەنەوە. كۆمەڵەی ئەمریكیی تەندروستیی دڵ AHA ڕێنمایی دەكات كە بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری ڕوودانی نۆرەی دڵ لە وەرزی زستاندا، پێویست بە پۆشینی چەند چینێكی جلوبەرگ دەكات لەگەڵ پۆشینی سەر و بەكارهێنانی مل بەستی Scarf خوری یان لۆكەیی، هەروەها پاراستنی گەرمیی دەستەكان بە بەكارهێنانی دەستكێش و پاراستنی گەرمیی پێیەكان بە گۆرەویی ئەستووری خوری یان لۆكەی، هاوكات لەگەڵ نەچوونە دەرەوە لەكاتی هەوای زۆر سارددا ئەگەر زۆر پێویست نەكات.