هێزى نەرمى کوردستان ( پارادیپلۆماسى و خۆپیشاندان)
هەر چەندە بەهۆى هەلومەرجە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان هەرێمى کوردستان دەوڵەتێکى سەربەخۆى نییە وەک مافێکى ڕەوا و گەلێکى ڕەسەن وخاوەن جوگرافیا وزەمان و شوناس و مێژوو ، بەڵام وەک هەرێمێک و قەوارەیەکى یاسایی و دەستوورى وەک زۆرێک لە هەرێمە جیاوازەکانى سەر نەخشەى دوونیا بەتایبەتى کیوبیک لە کەنەدا ،کەتەڵۆنیا لە ئیسپانیا و چەندانى تر توانیویانە ئاستى پەیوەندییەکانیان ودەنگى خۆیان ویستەکانیان بەڕێگە هێزى نەرم یان پاڕادیپلۆماسى بە مەبەستى دروستکردنى فشاروکاریگەرى لە سەر حکوومەتە ناوەندییەکانیان دەنگ و خواستەکانیان بگەێنن، بۆیە گڕتنەبەرى خۆپیشاندان و پاڕادیپلۆماسى وەک هێزى نەرم بۆ ئێمەى گەلى کورد کە لە نێو ناوچەیەکى سەخت و پڕململانێی وئاڵۆزداین و زیاتر لە یەک سەدەیە داگیرکەر و دوژمنانمان هەوڵى سڕینەوە ولاوازکردنى و پاشگوێ خستمان دەدەن گرنگى و تایبەمەندى خۆى هەیە ، بە تایبەتى دروستکردنى لۆبى بەڕێگەى پەنابەرانى کورد لە وڵاتانى ئەوروپایی و ئەمەریکایی گەیاندنى دەنگ و ویستەرەواکانى بۆ ناوەند سیاسى و دیپلۆماسى و بڕیاردەرەکان کاریگەرى بەرچاوى دەبێت .
یەکەم ،، بۆ نموونە ، گرنگە هەر دوو جومگە خۆپیشاندان و پاڕادیپلۆماسى لە هەر دوو کیشوەرى ئەوروپا و ئەمەریکا کە روون وئاشکرایە هەڵسوڕێنەر وڕاگرى سیستەمى ئیدارى و سیاسى و دیپلۆماسى جیهانن و هەر لەوێش بڕیار و ڕێساکان کارى لە سەر دەکرێت و بەڕێوەدەبڕێن وا دەکات کە هەرێمى کوردستان بتوانێت سوودى لێوەربگرێت و پشتبیوانى بۆ دۆزە رەواکەى وەدى بێنێت .
دووەم ،، بەکارهێنانى کارتى خۆپیشاندانى ئاشتیانە و شارستانیانە لە وڵاتانى دەرەوە لەلایەن پەنابەرانەوە ، دەکرێت وەک هێزێکى نەرمى کوردستانى سوودى لێوەربگیرێت و دواتر بەڕێگەى پاڕادیپلۆماسییەوە بۆ هەرێمى کوردستان کاریگەرى لە سەر کەمکردنەوەى هەموو ئەو پیلانگێرى و پەڵاماردان و هەڕەشانەى کە دوژمنان و ناحەزان بۆ سەر ئاسایشى نیشتیمانى و نەتەوەیی و ئابوورى کوردستان دروستى دەکەن بەتایبەتى وڵاتانى ناوچەکە و هەرێمى ئاڕاستە دەکرێن.
سێیەم ،، لە دواى هێرش و پەڵاماردانى مووشەکى 15ى کانوونى دووەمى 2024 بۆ سەر هەولێرى پایتەختى کوردستان و ماڵى بازرگانێک و شەهیدکردن و بریندارکردنى ئەندامانى خانەوادەکەى بە پاساویی بێ بنەماى بوونى دەزگەى هەواڵگرى ئیسرائیلى و دواتر هەوڵى پەردەپۆشکردنى ئەو کارە نامرۆڤانە تیرۆریستیە ، بینیمان کە رەوندى کوردستان و فیدراسیۆن و گشت ڕێکخراوەکانى کوردستان لە تاراوگە لە وڵاتانى ئەوروپایی و ئەمەریکا و بەڕێگەى خوپیشاندانى شارستانیانە بەتایبەت لەبەردەم کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانى ئێران دژى ئەو پەڵاماردانانە و شەهیدکردنى منداڵ و ژن و خەڵکى سڤیل ئەو کارە تیرۆریستیەیان ئیدانەکرد ، ئەو کارە سەرکۆنەکردنە و ئیدانەکردن لەلایەن خۆپیشاندەرانى رەوندنى کوردى لە تاراوگە پشتیوانى بەهێزى بۆ پێگەى هەرێمى کوردستان دروستکرد.
چوارەم ،، راستە هەرێمى کوردستان خاوەن مووشەکى بالسیتک و فرۆکەى جەنگیی واتە هێزى ڕەق نییە تا وەڵامى دوژمنان وپەڵاماردەران و تیرۆریستەکان و وڵاتانى دڕاوسێی بداتەوە، چونکە هێز، پێگە، رۆڵ و ناسنامەکەی ناهاوسەنگ و نابەرامبەرە و ئەوان دەوڵەتن و خاوەن پانتایی جیۆپۆلۆتیک و چەکی ئەتۆم و سەرجەم سەرچاوەکانی هێزی رەقن و هەرێمی کوردستانیش لەڕووی جیۆپۆلەتیک داخراو، نەبوونی رەگەزەکانی هێزی رەق و سەروەری ،بەڵام هەرێمى کوردستان بەڕێگەى خۆپیشاندان لە نێوخۆ و دەرەوە لەلایەن کوردانى تاراوگەوە کە بە سەرچاوى هێزى نەرم هەژمار دەکرێت وەک هێزێکى فشار بۆ سەر داڕێژەرانى سیاسەت ودامودەزگەکانى ئەوروپایی و ئەمەریکا کاریگەرى زۆرى دەبێت بەتابیەبتى کە لەم جۆرە هێرش و پەڵاماردانانە بۆ سەر هەرێمى کوردستان سوودی زۆرو پاڵپشتییان بەلای خۆیدا رابکێشێت و دواتریش بەئاسانی بیخاتە خزمەت پاڕادپپلۆماسی هەرێمی کوردستانەوە.
بینیمان کە لە سەروبەندى کۆڕبەندى ئابوورى جیهانى لەداڤۆس لە میانەى دیداروکۆبوونەوەى مەسروور بارزانى ، سەرۆکوەزیرانى کوردستان ، بەڕێگەى چەکى دیپلۆماسى و گفتۆگۆ لەگەڵ سەرۆک و وەزیر و بەرپرسانى ترى وەڵاتانى ناوچەکە و جیهان چەندە سەرکەوتووانەى توانى دەنگى رەوایی گەلێکى سەملێکراو و هەرێمى کوردستان و ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە ئێران بەرامبەر بەگەلى کورد بگەێنێتە هەموو دونیا و بەخێرایش کاردانەوە وکاریگەرییەکانمان بینى و هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانى ناخۆیی و دەرەوەى گەلى کورد ، توانى وەک هێزى نەرم و چەکێکى کاریگەر بەرانبەر هێزى ڕەق و مووشەک و درۆن و فشارى نەیارانى هەرێمى کوردستان بوەستێتەوە .
جمعة