ســـەرۆکــی هــەرێــمــی کــوردســتــان نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە رێککەوتنی حکومەتی عێراق و حکومەتی ئەمریکا دەکات

ســـەرۆکــی هــەرێــمــی کــوردســتــان  نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە رێککەوتنی حکومەتی عێراق و حکومەتی ئەمریکا دەکات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە رێککەوتنی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی ئەمریکا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی کاره‌کانی کۆمیته‌ی باڵای سه‌ربازیی نێوانیان و دەڵێت، هه‌رێمی کوردستان پشتگیری له‌و رێککه‌وتنه‌ ده‌کات و هاوکار و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت.

رۆژی پێنجشەممە، 25-01-2024، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی خۆی لە رێککەوتنەکە راگەیاندووە و جەختی کردەوە کە "هه‌رێمی کوردستان پشتگیری له ‌رێککه‌وتنەکە‌ ده‌کات و هاوکار و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و سه‌قامگیری و سه‌روه‌ریی وڵات و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای رێز له‌یه‌کگرتن و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش."

پێشوازیکردنی نێچیرڤان بارزانی لە رێککەوتنەکەی حکومەتی عێراق و حکومەتی ئەمریکا لە کاتێکدایە، وەزارەتەکانی دەرەوەی عێراق و بەرگریی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڵاویانکردەوە، لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لە حکومەتی هەردوو وڵات پێکهاتووە ئەو لیژنە هاوبەشە، تایبەتە بە گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی."

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەغدا ئامانجییەتی "خشتەیەکی ورد و روون بۆ دیاریکردنی ماوەی مانەوەی راوێژکارەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دابنێت" تاوەکو هاوپەیمانییەکە "دەست بە کشانەوەی بە قۆناخ و بە مەبەستی راوێژکارەکانی لە عێراق بکات."

بە گوێرەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە "هەموو قۆناخەکانی" گفتوگۆی لیژنەکەدا، راوێژ بە وڵاتانی نێو هاوپەیمانییەکە دەکرێت".

دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

پێشوازی له‌ ڕێککه‌وتنی حکوومه‌تی فیدراڵیی عێراق و حکوومه‌تی ئه‌مه‌ریکا ده‌که‌ین بۆ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی کاره‌کانی کۆمیته‌ی باڵای سه‌ربازیی نێوانیان (HMC) و به‌ره‌وپێشچوونی گفتوگۆکان ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی دووقۆڵی و داهاتووی هاریکاریی هاوبه‌ش له‌ بواره‌کانی سیاسی، ئابووری، کولتووری، ئه‌منی و سه‌ربازیدا.

هه‌رێمی کوردستان پشتگیری له‌و ڕێککه‌وتنه‌ ده‌کات و هاوکار و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و سه‌قامگیری و سه‌روه‌ریی وڵات و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزله‌یه‌کگرتن و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان
25-01-2024

Top